ناس کورد-
وەزیرى ناوخۆى عێراق بەڕێوەبەرى پۆلیسى پارێزگاى بابلى لەکارەکەى دورخستەوە، بەهۆى رووداوەکەى ناوچەى "جلبە"وە کە تییدا نزیکەى ٢٠ ئەندامى خانەوادەیەک کوژران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی بەیاننامەیەکى وەزارەتى ناوخۆ کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، عوسمان غانمى وەزیرى ناوخۆ بڕیاریداوە فەرماندەى پۆلیسى بابل لەپۆستەکەى دوربخاتەوە.
غانمى هەورەها فەرمانیداوە بە پێکهێنانى لیژنەى لێکۆڵینەوە بۆئەنجامدانى لێکۆڵینەوە لەو هێزەى کە ئەرکى دەستگیرکردنى تۆمەتبارێکى لەکاتى رووداوەکەدا پێسپێردرابوو.
مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق رۆژهى هەینى فەرمانیکرد لێکۆڵینەوەیەکى دادپەروەرانە بکرێت لەرووداوەکەى بابل کە تێیدا نزیکەى ٢٠ کەسى خانەوادەیەک کوژران.
لاى خۆیەوە،سەعد مەعن بەرێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى وەزارەتى ناوخۆ وتى "وەزیرى ناوخۆ چاودێرى دۆسیەکە دەکات و لەئاستى باڵا لێکۆڵینەوە دەکرێت و چەند رێوشوێنێک لەو بارەیەوەدەگیرێتەبەر".
کامێراى "ناس" چووە شوێنى قەسابخانەکەى بابل کە تێیدا نزیکەى 20 کەسى خانەوادەیەک کوژران، دواى ئەوەى داواکراوێک ئەندامانى خێزانەکەى کوشت و دواتر خۆى کوشت.
هەندێ لە کەسە نزیکەکانى قوربانییەکان، قسەى جیاواز دەکەن لە گێڕانەوەى هێزە ئەمنییەکان و کەسێکى تر بە ئەنجامدانى تاوانەکە تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن ئەو کەسەى تۆمەتبارکراوە بەوە ناسراوە کە منداڵەکانى خۆش دەوێت و پەیوەندى باشى لەگەڵ کەسوکارى هەیە.
بروسکەیەکی ئەمنی لەسەر ڕووداوی کۆمەڵکوژییەکەی بابل بڵاوکرایەوە و وەک دەردەکەوێت لە ڕووداوەکەدا 20 کەس بوونەتە قوربانی کە باوکێک و شەش برا لەنێو کوژراوەکاندان.
بروسکە ئەمنییەکەدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە (پێنجشەممە 30ی کانونی یەکەمی 2021) تیایدا هاتووە، کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەچەند سەرچاوەیەکی هەواڵگرییەوە ئەوە ئاشکرا کرا کە دوو داواکراو لەناوچەی ڕشایدی پارێزگای بابل لە ماڵێکدا بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوەی مەفرەزەیەک چووەتە شوێنەکە، بەڵام خاوەنی ماڵەکە بە تەقەکردن ڕووبەڕوویان بووەتەوە و ڕێگەی نەداون بچنە ژوورەوە.
ئەوەش هاتووە، دواتر و لەدوای وەرگرتنی ڕەزامەندی هێزێکی ئەمنیی تایبەت "سوات" چوونەتە شوێنەکە و گەمارۆیان داوە، بەڵام ئەو جارەش تۆمەتبارەکان خۆیان نەداوە بەدەستەوە و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و دوو کارمەندی ئەمنییان بریندار کردووە.
بەگوێرەی بروسکە ئەمنییەکە، لە کاتژمێر 7:00 ڕووبەڕووبوونەوە کۆتایی هاتووە و هێزەکە چوونەتە ناو ماڵەکە، بەڵام ئەوەیان بینیوە کە سەرجەم ئەو کەسانەی لە ماڵەکەدا کوژراون."
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی کوژراوەکانی ڕووداوەکە گەیشتووەتە 20 کەس کە ئەمە ناوی بەشێکیانە.
بەوتەی سەرچاوە مەیدانییەکانی ئاگادار لە ڕووداوەکە، تۆمەتبارەکان خۆیان ئەندامانی خێزانەکەیان کوشتووە.
زیاتر بخوێنەرەوە: زانیاریی لەبارەی کوشتنی 18 ئەندامی خێزانێک لەلایەن کەسێکی خۆیانەوە