گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارتى داواى کارنامەى هاوبەش دەکات بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ

2021.12.31 - 19:02
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى داواى کارنامەى هاوبەش دەکات بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ

ناس کورد-

 

مەکتەبی سیاسی پارتى داواى کارنامەى هاوبەشى لایەنە کوردییەکان دەکات بۆ بەشداریکردن لە کابینەى نوێی حکومەتى عێراق.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەکتەبی سیاسی پارتى لە پەیامێکدا جەختیکردووەتەوە لەسەر سەر یەکڕیزی و یەکگوتاری حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردن و کارکردن لەسەر کارنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی و داھاتووی عێراق، کە ئەجێندایەکی روون و تێروتەسەل لەخۆ بگرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و مەسەلە هەڵواسراوە درێژخایەنەکان

 

په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:  

 

بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین، پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و، لە سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگران و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان و گەلە خۆڕاگرەکەمان دەکەین.

 

هەلومەرجی سیاسی عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ دەڕوات، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی، بۆیە لەو دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە سەر یەکڕیزی و یەکگوتاری حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردن و کارکردن لەسەر کارنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی و داھاتووی عێراق، کە ئەجێندایەکی روون و تێروتەسەل لەخۆ بگرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و مەسەلە هەڵواسراوە درێژخایەنەکان، بەجۆرێك كه‌ لە خزمەتی خواست و مافە رەواکانی گەلەکەمان بێت، لەوانەش جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور و دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و پێداویستییەکانی ھێزی پێشمەرگە و، چەسپاندنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئیستیحقاقی دەستووریی.

 

بەبۆنەی سەری ساڵی (2022)ی زایینیەوە، جارێکی دیکە بەڵێن نوێ دەکەینەوە، کە وەك هەمیشە لە ئاست خواست و ویستی گەلە خۆراگر و سەربەرزەکەمان دابین و سووربین لەسەر پتەوکردنی سەقامگیری و ئاسوودەیی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئاشتەوایی و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و فرەڕەنگیی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئەو قەوارەیە و دەسکەوتەکانمان.

 

هیوادارین ساڵی نوێ ساڵی کۆتاییهاتنی کێشە و گیروگرفت و دەردەسەرییەکان بێت.. ساڵێکی بە هات و هیوابەخش بێت بۆ گەلەکەمان و هەموو لایەك لە دەرد و بەڵا و ناخۆشی و پەتای کۆرۆنا و نەخۆشی بەدوور بن.

 

مەکتەبی سیاسی

 پارتی دیموکراتی کوردستان

31ـی کانوونی یەکەمی 2021