ناس کورد-
وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند، لەئۆپراسیۆنە هاوبەشەکەیان لەگەڵ سوپاى عێراق ژمارەیەک پێگە و حەشارگەى داعش سوتێنراون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لەگەڵ سوپای عێراقیدا بەردەوامە لە گەڕان و پشکنین بەدوای پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و بڕیاریشە تا پاککردنەوەی تەواوەتی ئەو ناوچانە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامی هەبێت.
دەقى راگەیەنراوەکە:
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
لە ئەنجامی پشکنین و گەڕانە بەردەوامەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بەدوای تیرۆریستان و پاشماوەکانی چەک و تەقەمەنی و مین و بۆمبە چێندراوەکانی داعش لەسنووری گەرمیان، ل۱۷ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بەهاوبەشی یەکە سەربازیەکان لە سنوری میحوەری دووی قەرەتەپە و ئاسایشی گەرمیان و کفری، لیوای ۱٤٤ی پێشمەرگە، تیمەکانی هەندەسەی پشتیوانی دوو، هاوشان لەدیوی سوپای عیراقیدا، لیوای ٥۲ و لیوای سێی پەربەرچدانەوەی خێرا ( تدخل السریع) ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و بەرهەمداریان ئەنجامدا.
کاتژمێر ٦ی بەیانی ئەمڕۆ ۳۱ی ۱۲ی ۲۰۲۱ ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکرد و هێزەکانی عیراقی لەدیوی دوزخورماتوو، لەگوندی موئەدەوە سەرکەوتن بەسەر چیای غەڕڕەو هێزەکانی پێشمەرگه لە قۆری چا لەدوو میحوەرەوە دەستیانپێکرد کە لە میحوەری یەکەم بەرەو پەلکانەی خواروو، پەلکانەی سالم، پەلکانەی سەرچنار و لەمیحوەری دووەمیش بەسەر چیای غەڕڕەدا لە گوندەکانی غەڕە و قۆری چای توانیان دەست بگرن بەسەر ژمارەیەک مۆڵگەو حەشارگەی مانەوەو چەک و تەقەمەنی داعش.
پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لەگەڵ سوپای عێراقیدا بەردەوامە لە گەڕان و پشکنین بەدوای پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و بڕیاریشە تا پاککردنەوەی تەواوەتی ئەو ناوچانە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامی هەبێت.
لە چەندین رۆژی رابردوو، لەمیانی سەردانی وەزیری پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، رایگەیاند: لە ئەنجامی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەیە، چالاکی و کردەوەی تیرۆریستی داعش لەو ناوچانە کەمبۆتەوە.