گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانى کوردستان داواى ’’رێککەوتنێکی گشتگیرى’’ هەرێم و بەغدا دەکات

2021.12.31 - 14:45
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانى کوردستان داواى ’’رێککەوتنێکی گشتگیرى’’ هەرێم و بەغدا دەکات

ناس کورد-

 

سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان جەختدەکاتەوە کە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی نوێی فیدراڵی رێککەوتنێکی گشتگیر لەبەر ڕۆشنایی بنەما دەستوورییەکان بۆ چارەسەركردنى تەواوی کێشەکانیان ئەنجامبدەن و چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم کێشە و ناکۆکیەکان بدۆزنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرۆکایەتى پەرلەمان لە راگەیەنراوێکدا بەبۆنەى هاتنى سەرى ساڵى نوێ، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان کردووە بە یەکڕیزی و گیانی لێبووردەیی لەگەڵ یەکتری مامەڵە بکەن، و بە هەموویان زەمینەی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی کوردستانیان بڕەخسێنن.

 

ده‌قى راگەیەنراوەکە:

 

بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی زاینی، جوانترین پیرۆزبایی لەکوردستانیان و تەواوی گه‌لانى عێراق و جیهان دەکەین.

 

هیوای ساڵێکی نوێی پڕ ئارامی و کامەرانی بۆ هەمووان دەخوازین، خوازیارین ساڵی نوێ سەرەتاییەکی گەش بێت بۆ باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و چەسپاندنی مافەکانی هاووڵاتیان و بەهێزترکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان، کە بۆ بەدیهاتنیان خەڵکی کوردستان قوربانییەکی بێ شووماری بۆ داوە.

لێرەشەوە داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان دەکەین بە یەکڕیزی و گیانی لێبووردەیی لەگەڵ یەکتری مامەڵە بکەن، و بە هەموومان زەمینەی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی کوردستانیان بڕەخسێنین.

 

هاوکات بە پێویستی دەزانین حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی نوێی فیدراڵی رێککەوتنێکی گشتگیر لەبەر ڕۆشنایی بنەما دەستوورییەکان بۆ چارەسەركردنى تەواوی کێشەکانیان ئەنجامبدەن و چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم کێشە و ناکۆکیەکان بدۆزنەوە.

 

بەم بۆنەیەشەوە داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، بە یەکەوە وەکوو یەک کوتلەی بە هێز بەشداربن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و کاربکەن بۆ چەسپاندنی زیاتری ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستان.

 

لە کۆتاییدا هیوادارین ساڵی 2022 ببێتە سەرەتای وێستگەیەکی نوێ بۆ زیاتر پێکەوەکارکردن بۆ ئایندەیەکی باشتر و بوژانەوەی زیاتری وڵات و کۆتاییهێنان بەسەرجەم ناخۆشی و نەهامەتییەکان، هاوکات بەهەموو لایەکمان هەوڵبدەین کوردستان بکەین بە خاوەنی دەستوورێک کە ماف و ئەرکی هەموو لایەک دیاری بکات و ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزتربوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

 

سەرۆکایه‌تیى پەرلەمانی کوردستان