ناس کورد-
مەڵبەندی 12ی چەمچەماڵی یەکێتی، نوسراوێکیان ئاڕاستەی سەرکردایەتی حزبەکەیان کردووە و هۆشدارییان داوە ئەگەر داواکارییەکیان جێبەجێنەکرێت، هەڵوێستی توندیان دەبێت.
.
لە نوسراوێکدا، مەڵبەندی 12ی یەکێتی لە چەمچەماڵ کە ئاراستەی جێگرانی سکرتێری گشتی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەند، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی رێکخستنی حیزبەکەیان کردووە ، ڕەخنەی توندیان لە سەرکردایەتی حزبەکەیان گرتووە، کە دانیشتووانی سنورەکەیان زیاتر لە 350 هەزار کەسە و زۆرینەیان کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانن، بەڵام لە پێکهاتەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرامۆشکراون.
.
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی ئەوەی هیچ کادیرێکی باڵای ناوچەکە لە پۆستە حزبی و حکومییەکاندا نییە تا بەدواداچوون بۆ کێشەکانی ناوچەکە بکات، سنوورەکە رووبەڕووی چەندین کێشەی خزمەتگوزاری بووەتەوە.
.
مەڵبەندی 12ی یەکێتی لە چەمچەماڵ داوایان لە سەرکردایەتی یەکێتی کردووە، کە پێویستە لە کابینەی نوێی حکومەت، یەک بریکاری وەزیر، دوو بەڕێوەبەری گشتی، دوو راوێژکار لە پەرلەمان و وەزارەتەکان و هەروەها دوو بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی بدرێت بە کادیرانی سنورەکەیان.
.
مەڵبەندەکەی یەکێتی هۆشداری ئەوەی داوەتە سەرکردایەتی حزبەکەی، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان هەڵوێستی تووند وەردەگرن.
.
ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ڕاگەیەندراوێکی مەڵبەندی 11ی گەرمیانی یەکێتی بڵاوبوویەوە، کە ئاڕاستەی سەرکردایەتی یەکێتی کرابوو و بەهەمانشێوە ئەوانیش ناڕەزاییەتی ئەوەیان دەربڕیبوو کە سنورەکەیان لە پۆستە وزارییەکانی کابینەی نوێی حکومەتدا فەرامۆشکراوە.
.
مەڵبەندی گەرمیان هۆشداریشی دابوو تا 14ی ئەم مانگە چاوەڕوانی وەڵامی پێویست دەکەن، بە پێچەوانەوە هەڵوێستی دیکەیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان دەبێت.