ناس کورد-
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لەساڵی 2021دا مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە بە 68 پڕۆژە بەگوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار و 508 ملیۆن دۆلار کە زۆرترینیان پڕۆژەی بازرگانی و گەشتیاری بوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا (29ی کانونی یەکەمی 2021) باسی لەوەشکرد، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەپاڵ بوژانەوەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، هەلی کاریان بۆ هەزاران کەس رەخساندوە چونکە 75%ـی هەلی كارەکان بۆ كرێكاری خۆماڵی بون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆی ئەو 68 پڕۆژەیەی لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە، زۆرترینیان پڕۆژەی بازرگانی بون، هەروەها پڕۆژەکانی گەشتیاری، خزمەتگوزاری، بانک و نیشتەجێبون لەپلەکانی دوەم تا پێنجەمدا دێن.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی خستەڕو، 90%ی ئەو پرۆژانەی مۆڵەتیان پێدراوە لەپارێزگای هەولێر بوون.