گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

لایەنە شیعییە ناڕازییەكان دەچنە لای سەدر و تاوتوێی پێكهێنانی حكومەت دەكەن

2021.12.29 - 11:32
App store icon Play store icon Play store icon
لایەنە شیعییە ناڕازییەكان دەچنە لای سەدر و تاوتوێی پێكهێنانی حكومەت دەكەن

ناس كورد-
شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت، بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی رەتی سەدر، موقتەدا سەدر بەرەو نەجەف بەرێکەوت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری بەرەو نەجەف بەرێکەوتووە کە لە میانیدا لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆدەبێتەوە.

 

سەرچاوەکە ئاشکرایشی کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لەوانە پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو گفتوگۆ دەکرێت.

 

چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقوق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.

 

بڕیاربوو حەوتی ئەم مانگە، کۆبوونەوەی دووەمی سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لەگەڵ موقتەدا سەدر لە نەجەف سازکرایە، بەڵام دواخرا.

 

ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی دووی ئەم مانگە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کۆبوویەوە، بەڵام ھیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بڵاونەکراوەیە.

 

رۆژی دووشەممەی رابردوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەند کرد.

 

ھەریەک لە سەرکردەی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی و سەرکردەی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری و سەرکردەی رەوتی حیکمە، عەممار حەکیم و سەرکردەی ھاوپەیمانی نەسر، حەیدەر عەبادی و سەرکردەی ھاوپەیمانی تەقەدوم، محەمەد حەلبوسی ھەڵوێستی خۆیان نیشاندا سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و رایانگەیاند کە پابەند دەبن بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی.

 

بە گوتەی یاساناسان لە عێراق، دوای ١٥ رۆژ لە پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، ساز دەکرێت.

 

رۆژی ٣٠ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەنجامە کۆتایییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند.

 

بەپێی ئەنجامە کۆتایییەکان، رەوتی سەدر ٧٣ کورسی، ھاوپەیمانیی تەقەدوم ٣٧ کورسی، دەوڵەتی یاسا ٣٣ کورسی بەدەستھێناوە.

 

ھەروەھا پارتی دیموکراتی کوردستان ٣١ کورسی، ھاوپەیمانیی کوردستانی ١٧ کورسی و ھاوپەیمانیی عەزم ١٤ کورسی بەدەستھێناوە.

 

ھاوپەیمانیی فەتح، ١٧ کورسی و ئیشراقەت کانوون شەش کورسی، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانیی چوار کوسی، ھاوپەیمانیی عەقەدی نیشتمانیی چواری کورسی، ھاوپەیمانیی بزووتنەوەی حەسم بۆ چاکسازیی سێ کورسی، بزووتنەوەی بابلییون چوار کورسی، ھاوپەیمانیی جەماوەرمان ناسنامەمانە سێ کورسی، بەرەی تورکمانی یەک کورسی، نەوەی نوێ نۆ کورسی و بزووتنەوەی ئیمتیداد نۆ کورسی، ھەروەھا ھاوپەیمانیی تەسمیم پێنج کورسی بەدەستھێناوە.