ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو شوێنانەی کارەباى بەردەوامیان هەیە بریتیە لە ماڵى خوالێخۆشبوو (مام جەلال) لە گردى دەباشان و ماڵى کاک کۆسرەت و نەخۆشخانەى فاروق، "بە بەراورد لە شوێنانەى کە لە هەولێر و دهۆک هەیە و هاوشێوەى ئەو شوێنەیە، ئەوەى سلێمانى شایەنى باس کردن نییە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا (25ی کانونی یەکەمی 2021) وەڵامی پەرلەمانتار عەلى حەمەساڵح دەداتەوە کە پێشتر ناوبراو لە نامەیەکدا بۆ قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان باس لەچەند بابەتێک کردبوو پەیوەست بە کارەباى بەردەوام لە سلێمانى.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە؛
• سەبارەت بە رێژەى (28.8%) پشکى کارەباى پارێزگاى سلێمانى، ئەو بڕە بۆ هەردوو پاڕیزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى راپەڕینە، واتە تەنیا بۆ شارى سلێمانى نیە، لە رابردووشدا تێبینى زۆرمان لەسەر ئەو رێژەیە هەبووە، کە بەشى ئەم سنورە ناکات، بەڵام بەوپێوەرانەى کە وەزارەتى کارەباى کارى لەسەر کردوە ئەو رێژەیە دیارىکراوە و بەوشێوەیە ماوەوەتەوە، دواى چەند جارێک تێست کردن.
• سەبارەت بەو بڕگەیەى دەڵێت کە (152) مێگاوات لە پشکى کارەباى سلێمانى بۆ کارەباى بەردەوام دەڕوات و زۆربەشى نایاساییە، ئەو زانیارییە هەڵەیە و تەواو نیە، لەسنورى پارێزگاى سلێمانى بڕى (170) مێگاوات بۆ پڕۆژەکانى ئاو، نەخۆشخانە و فەرمانگە حکومییەکان دەڕوات، کە بەشێکیان تەنیا بە یانیان دەوام دەکەن، لەگەڵ تۆڕى روناکى شەقامەکان و خزمەتگوزارى بەردەوام.
• هەروەها قەزاکانى دوکان و پێنجوێن کارەباى بەردەوامیان هەیە و قەزاى چەمچەماڵیش بڕى 50 مێگاوات کارەباى زیادەى بۆ دابین کراوە.
• سەبارەت بە کارەباى بەردەوامى کارگەکان، کارگە گەورەکانى سنورى بازیان و تاسڵوجە کە لە زۆرکاتدا بڕەکەى (250) مێگاواتە ئەو لەسەر پشکى کارەباى هەرێمە نەک پارێزگاى سلێمانى و پەیوەندى بەکارەباى سلێمانیەوە نیە و لەسەر ئاستى هەرێم بۆیان جیادەکرێتەوە.
• ئەوەى پەیوەستە بە هەندێک کارگەى بچوک لە ناوشارى سلێمانى، کە زۆرینەیان ئاسن و ئەلەمنیۆمن بەپێى یاساى وەبەرهێنان دەبێت کارەبایان لێنەبڕیت، لەبەر ئەوەى کە هێڵى بەرهەمهێنان و کورەیان هەیە، کە زۆر درەنک گەرم دەبێت و دەرەنگیش ساردەبێتەوە و ناکرێت کارەباى لێببڕیت تەنیا لە کاتى زۆربوونى خواستدا مێگاواتیان پێدادەگرین، هەروەها دوو ئاشى گەنمى سەر بەوەزارەتى بازرگانى عێراق هەیە نابێت کارەباى لێببردرێت.
• سەبارەت بەو شوێنانى کارەباى بەردەوامیان هەیە و تێبینیان لەسەرە، بریتیە لە ماڵى خوالێخۆشبوو(مام جەلال) لە گردى دەباشان و ماڵى کاک کۆسرەت و نەخۆشخانەى فاروق. هەرچى پەیوەندى بە ماڵى خۆالێخۆشبوو مام جەلالەوە هەیە کە تەنیا ماڵە کارەباى بەردەوامى پێدراوە، بەبەراورد لە شوێنانەى کە لە هەولێر و دهۆک هەیە و هاوشێوەى ئەو شوێنەیە، ئەوەى سلێمانى شایەنى باس کردن نیە، هەمیشەش لە راگەیاندنەکاندا ئاماژەى پێدراوە.
هەرچى پەیوەندى بەماڵى کاک کۆسرەتەوە هەیە، پێشتر ئەو کاتەى بەڕێزیان جێگرى سەرۆکى هەرێم بووە کارەبا بە نوسینگەى بەڕێزیان دراوە و ئێستاش بەردەوامە.
بۆ نەخۆشخانەى شارى پزیشکى فاروقیش، ماوەیەکى زۆرە رەزامەندى هەیە و ئێمە لەئێستادا گۆڕانکاریمان تێدا نەکردوە.
ئەوەى لەسەر داهاتى کارەباى سلێمانى وتراوە، بۆ هاوبەشى ماڵان هیچ هاوڵاتییەک لەسەر نەدانى پارەى کارەبا، ئاگادار نەکراوەتەوە و کارەباى هیچ ماڵێکیش نەبڕدراوە، بەڵام بۆ کەرتەکانى بارزگانى، پیشەسازیی، کشتوکاڵى، حکومى ئاگادارى پێویستیان پێدراوە، بۆئەوەى قەرز و پارەى کارەبا بدەن. باشترین داهاتی کارەباش لە مانگەکانى 11 و 12ى ئەمساڵدا بووە بڕێکى باش پارەى کارەبا کۆکراتەوە بەبەراورد بە پارێزگانى دیکە سلێمانى زۆرترینە.