ناس کورد-
بەرەى تورکمانى و پێکهاتەى عەرەبى شارى کەرکوک، دیاریکردنى ئەندازیار تەیب جەبار لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک، رەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن " ئەو پۆستە تەنها پشکى کورد نییە".
.
لەو بارەیەوە بەرەى تورکمانى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و لەبەشێکى راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پۆستى پارێزگارى کەرکوک لەسەر کورد تاپۆ نەکراوە و لە ئێستادا چەند رێککەوتنێکى ژێر بە ژێر لە ئارادایە بۆ دروستکردنى قەیرانى نوێى سیاسى و ئەمنى لە شارەکە.
.
عەلى مەهدى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە پێکهاتەى تورکمان، روونیکردەوە، بەگوێرەى دەستور و یاساى عێراقى ئەو پۆستە تەنها ماف و پشکى کورد نییە.
.
روونیشیکردەوە، رێککەوتنى ژێر بەژێر لەنێوان هەندێک لایەنى حکومیى و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لەئارادایە بۆ نانەوەى قەیرانى بەڕێوەبردن و سیاسى و ئەمنى لە شارەکە کە تورکمان و عەرەب باجەکەى بدەن.
.
عەلى مەهدى بەرپرسیارێتى دروستبوونى هەر کێشەیەکى ئیدارى و سەرپێچى ئەمنى شارەکە بەهۆى ئەو رێکەوتنە نهێنییانەى کە ئامانج لێى گەڕانەوەى کەرکوکە بۆ چوارگۆشەى یەکەم، خستە ئەستۆى حکومەتى عێراق و پەرلەمانى عێراق.
.
هەر لەو بارەیەوە پێکهاتەى عەرەبى شارەکە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا بڕیارى دیاریکردنى پارێزگارى کەرکوک لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە رەتدەکاتەوە.
.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى پێکهاتەى عەرەبى کەرکوک، ئەو بڕیارە لەلایەن دوو حزبەوە دراوە کە بەدرێژایى 16 ساڵى رابردوو دەستیان بەسەر کەرکوکدا گرتبوو و هۆکارى پەراوێزخستنى پێکهاتەکانى ترى ئەم شارە بوون و بوونە هۆى داڕوخانى 135 گوند و ناحیەى پێکهاتەکان لەم شارەدا.
.
جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، دانانى پارێزگارى نوێى کەرکوک بە بێ رێککەوتنى سێ پێکهاتە سەرەکییەکە ناچێتە سەر.
.