گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەسەر پارەکەى بەغدا

ژمارەیەک ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر دژى پارێزگار هەڵوێستیان راگەیاند

2021.12.23 - 11:40
App store icon Play store icon Play store icon
ژمارەیەک ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر دژى پارێزگار هەڵوێستیان راگەیاند

ناس کورد-

 

پێنج ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر رایانگەیاند، ئەوان دوو ملیار دینارەکەى بەغدا رەتناکەنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتوانى لافاوەکەى هەولێر و پێویستە رەتنەکرێتەوە، بەپێچەوانەى بڕیارى پارێزگارى شارەکەوە کە وەرگرتنى پارەکەى ڕەتکردەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو پێنج ئەندامە پێکهاتوون لە ئەندامانى فراکسیۆنەکانى گۆڕان و کۆمەڵ و  یەکگرتوو و سەربەخۆ، کە بایکۆتى کۆبوونەوەى نائاسایی ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێریان کرد بۆ تاوتوێکردنى بڕیارەکەى بەغدا بۆ قەرەبووکردنەوەى زیلنلێکەوتووانى لافاوەکە.

 

غازى عەلى یەکێک لەو ئەندامانەى ئەنجومەنى پارێزگا (23ی کانونی یەکەمی 2021) لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا وتى "داواى قبوڵکردنى ئەو پارەیە و زیادکردنى دەکەین، هەروەها حکومەتى هەرێمیش بڕێکى شایستە بۆ قەرەبووکردنەوە تەرخان بکات".

 

وتیشى "حکومەتى عێراق دەوڵەتێک نییە و ئێمەش دەوڵەتێکى تر بین، لەرووى دەستورییەوە ناکرێت ئەو پارەیە رتبکرێتەوە".

 

ئەندامە ناڕازییەکان هەروەها لە یاداشتێکدا جەختیان کردەوە کە دەسەڵاتى جێبەجێکارى پارێزگاکە داهات و خەرجیی نەخستووەتە بەردەم ئەنجومەن و  دیاردەى کوشتن و توندوتیژیش لەحاڵەتەوە بووە بۆ دیاردە و سەرۆکایەتى ئەنجومەن بەرانبەر دەسەڵاتى جێبەجێکار بێدەسەڵاتە و نەیتوانوە راپێچى بەردەم ئەنجومەنى بکات.

 

پارێزگارى هەولێر لەچەند رۆژى رابردوودا رایگەیاند، ئەو دوو ملیار دینارە رەتدەکەنەوە و وەریناگرن کە حکومەتى عێراق تەرخانیکردووە بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانەکانى لافاوەکە، چونکە لەئاست چاوەڕوانى ئەواندا نەبووە.  

  

ئومێد خۆشناو لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند "لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقی فیدرال بڕیاردراوە بڕى (2) ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت، کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک لە چاوەڕوانى ئێمەدا نەبوو لەبەرامبەر قەبارەى ئەو زیانە گەورەیەى بەهۆى کارەساتێکى سروشتییەوە بەسەر شارەکەمان داهاتووە".