ناس کورد-
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵانى سلێمانى پێشبینیدەکات بەهۆى باران و پشووى قوتابخانەکانەوە پەتاى توندى ناو منداڵان بەرێژەیەکى بەرچاو کەمبکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د.پشدەر عەبدوڵا (23ی کانونی یەکەمی 2021) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە "چاوەڕوان ئەکرێت بەهۆی بارینی باران و پشووی خوێندنگاو قوتابخانەکان ئەو پەتا تووندەی ئێستا لەناو منداڵاندایە بەتایبەت منداڵانی خوار یەکساڵ بەڕێژەیەکی زۆر کەم بکات".
ماوەى چەند مانگێکە پەتایەکى توند لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە رۆژانە منداڵێکى زۆر رەوانەى نەخۆشخانەى منداڵان دەکرێت.
سەرەتاى مانگى رابردوو پشدەر عەبدوڵا رایگەیاندبوو، لە پاڵ بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە پەتای وەرزی لەناو منداڵان، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان توشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون و نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی پڕ بووە.
ئاماژەى بەوەشکردبوو "لە ئێستادا ڕۆژانە ژمارەکان لە زیادبووندایە، لە ڕۆژێکدا نزیکەى 70 منداڵ سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە بۆ منداڵان ئەوەیە کە وەڵامی باشیان هەیە بۆ چارەسەر."