گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دادگای فیدڕاڵی وادەی بڕیاردانی لە تانەی هەڵبژاردنەکان دیاری کرد

2021.12.22 - 12:17
App store icon Play store icon Play store icon
دادگای فیدڕاڵی وادەی بڕیاردانی لە تانەی هەڵبژاردنەکان دیاری کرد

ناس کورد-

دادگای فیدڕاڵی دانیشتنی تانەدانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دواخست و ڕۆژی 26ی ئەم مانگەی (کانونی یەکەم) دیاری کرد بۆ دەرکردنی بڕیار لەوبارەیەوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ چوارشەممە (22ی کانونی یەکەمی 2021) دانیشتنێكی تری دادبینی ئەنجام دا لەسەر سكاڵای هادی عامری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و دانیشتنەکە دواخرا وەک پێشتر پێشبینی کرابوو.

 

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ "ناس كورد"، هێشتا دابەشبوونە قووڵەكانی نێوان شیعەكان هەروەك خۆیەتی لەبارەی چۆنییەتی پێكهێنانی حكومەت، بۆیە دانیشتنەکە دواخراوە.


سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، دادگا داوای ڕای هەندێك لە شارەزایانی كردووە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و تانەكان و بەڵگەكان، بەڵام هێشتا وەڵامی پێنەگەیشتووە لەبەر ئەمە "كاتی زیاتری پێویستە".


سەرچاوەیەكی تر لە بەغداوە جەخت لەوە دەكاتەوە، تا كۆتاییەكانی هەفتەی داهاتوو دادگا سكاڵاكەی حەشدی شەعبی بەلایەكدا دەخات و هەر لەو هەفتەیەش ئەنجامەكان پەسەند دەكات بۆ ئەوەی لە دەوروبەری ناوەڕاستی مانگی داهاتوو یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان سازبكرێت.


بەگوێرەی دەستور، هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ دادگای فیدراڵی بۆ پەسەندكردنی ئەنجامەكان و لە ساڵی 2010 ماوەی دوو مانگ كاتی پێچووە بەهۆی تانەی دەوڵەتی یاسای مالیكی و ژماردنەوەی دەنگەكانی بەغدا بەدەست.


د. بەشیر حەداد جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمان بە ماڵپەڕی حیزبەكەی ڕاگەیاندووە، دادگا نایەوێت بڕیارێك بدات ببێتەهۆی توندوتیژی و تا رێككەوتنێك نەكرێت بۆ زیادكردنی كورسی لایەنە زیان لێ كەوتووەكان بە میكانیزمی یاسایی بڕیاری كۆتایی دەرناچێت.


هێشتا لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم دەروازەكانی ناوچەی سەوز مانیان گرتووە دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ئەگەرهەیە هەركات بڕیاری دادگایان بەدڵ نەبوو بارگرژی دروست بكەن، بەڵام پێشتر هادی عامری سەرۆكی فەت ڕایگەیاندبوو "رێز لە بڕیاری دادگا دەگرن".