گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکارەکەی بزانە

پارتی و یەکێتی بە ’’وەرەقەیەکی هاوبەشەوە’’ دەچنە بەغدا

2021.12.22 - 11:15
App store icon Play store icon Play store icon
پارتی و یەکێتی بە ’’وەرەقەیەکی هاوبەشەوە’’ دەچنە بەغدا

ناس كورد-

لیژنەیەکی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق گفتوگۆ دەکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە میدیای حزبەکەی (22ی کانونی یەکەمی 2021) ڕاگەیاند، یەکێتی و پارتی وەرەقەیەکی ھاوبەش کە ھەڵوێستی ھەردوولا بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەخۆدەگرێت ئامادە دەکەن و لە داھاتوویەکی نزیکدا بە لیژنەیەکی ھاوبەش سەردانی بەغداد دەکەن.

 

سەعدی پیرە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەردانی باڵیۆزی ئێران و تورکیا و وڵاتانی نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراقە و لەم ماوەیەدا سەردانی وڵاتان و کۆبونەوەی لایەنەکان زیاتر دەبن.

 

لای خۆشیەوە"عیماد ئەحمەد" ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند، یەکێتی ئەندامانی بۆ لیژنە ھاوبەشەکە دیاریکردووە و چاوەڕێی پارتین.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوە ڕۆژی یەکشەممە، 19 کانونی یەکەمی 2021، مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکان.


دەشڵێت، "دۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردن تاوتوێکراوە و، باسیان لە مافەکانی کورد و یەکخستی هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان کردووە."

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە لەبارەی هەوڵدان بۆ گەڵاڵەکردنی کارنامەیەکی هاوبەشی کوردستانی لەسەر بنچینەی هاوبەشی راستەقینە و رێککەوتن و هاوسەنگی دەستوور بووە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا مەترسییە ئەمنی و سەربازییەکانی رێکخراوی داعش لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان تاوتوێکراوە. هەردوولا بە پێویستیان زانیوە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش هاوئاهەنگی بکەن و ژینگەیەکی باشی تەبایی و یەکڕیزی لە نێوانیان بڕەخسێنن، ئەوەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.