گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

بەشیر حەداد باس لە ڕێککەوتنێک دەکات ’’بۆ زیادکردنی کورسی هەندێک لایەن’’

2021.12.21 - 16:09
App store icon Play store icon Play store icon
بەشیر حەداد باس لە ڕێککەوتنێک دەکات ’’بۆ زیادکردنی کورسی هەندێک لایەن’’

ناس کورد-

هێشتا لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ناكۆكن له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مساڵی په‌رله‌مانی عێراق و جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش پێی وایه‌، هه‌ڕه‌شه‌ هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌شڵێت، پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق هێشتا زۆری ماوه‌.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

به‌شیر خەلیل حه‌داد، جێگری پێشووی سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی (21ی کانونی یەکەمی 2021) ڕاگه‌یاند، هۆكاری دواكه‌وتنی په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی عێراق، بۆ ناكۆكیی نێو ماڵی شیعه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ی پێشتر كورسییان هه‌بووه‌ و كورسیی زیادیان به‌ده‌ست هێناوه،‌ ئه‌مجاره‌ كورسییان تا راده‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كردووه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ هێزی چه‌كدار و میلیشیایان هه‌یه‌ و به ‌هێزه‌كه‌ی خۆیان هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وان بڕوایان وایه‌ ساخته‌كاری كراوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 10ی ئۆكتۆبه‌ر و مافی ئه‌وان خوراوه‌، به‌ڵام له‌ 2005 به‌دواوه‌ به ‌ڕای چاودێرانی ناوخۆ و بیانی، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی عێراق، پاكترین هه‌ڵبژاردن بووه‌.

 

جێگری پێشووی سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت، به‌ هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی لایه‌نه‌ دۆڕاوه‌كانی هه‌ڵبژاردن، په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی كۆتایی دواكه‌تووه‌ له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵییه‌وه‌، به ‌بۆچوونی به‌نده‌ دادگای فیدڕاڵ نایه‌وێ بڕیارێك بدات توندوتیژیی لێی بكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ ئه‌نجامی راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردن، ئه‌و لایه‌نانه‌ هه‌ندێ كرده‌وه‌ی توندوتیژی ئه‌نجام بده‌ن.

 

حەداد زیاتر وتی، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت رێكه‌وتنێك بكرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی به ‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان رازی بكرێن كورسی بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن زیاد بكرێن له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وانی دیكه‌، یانیش له‌ حكوومه‌تی داهاتووی عێراق جێگه‌یان بكرێته‌وه‌، له‌ رۆژانی داهاتوودا شتێك به‌دیار ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

 

له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقیش، د. به‌شیر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه ‌كرد، پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق بێگومان دوا ده‌كه‌وێت و هێشتا زۆری ماوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر دادگای فیدڕاڵیش ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سه‌ند بكات، 15 رۆژی پێویسته‌ تا سه‌رۆككۆمار فه‌رمان ده‌كات بۆ به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان، دواتر سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت ئینجا له ‌ماوه‌یه‌كیشدا سه‌رۆككۆمار هه‌ڵده‌بژێردرێت، قۆناغی زۆری تێدایه‌، کە دیاریكردنی كوتله‌ی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانیش، كێشه‌یه‌كی دیكەیە و‌ پێم وابێت سێ مانگی دیكه‌ش ده‌خایه‌نێت.