گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتى هەرێم: ساڵى داهاتووش بەغدا لەناردنى 200 ملیارەکە بەردەوام دەبێت

2021.12.20 - 19:32
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتى هەرێم: ساڵى داهاتووش بەغدا لەناردنى 200 ملیارەکە بەردەوام دەبێت

ناس کورد-

 

نوێنەرى حکومەتى هەرێم لەبەغدا رایگەیاند، به‌پێى یاساى ئیداره‌ى مالى بۆ ساڵى داهاتوو ناردنى 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمى کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فارس عیسا (20ی کانونی یەکەمی 2021) بە پێگەى فەرمى پارتى وت"له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ى که‌ له‌ پرۆژه‌یاساى بودجەدا‌ له‌ نێوان حکوومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا کراوه‌، ناردنى 200 ملیار دیناره‌که‌ بۆ ساڵى داهاتووش به‌رده‌وام دەبێت، چونکه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌پێى یاساى ئیدارى و مالى بۆ هه‌موو عێراق و هه‌رێمى کوردستانیش ڕێک خراوه‌.''

 

وتیشى "ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هات و پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2022 له‌ عێراق په‌سه‌ند نه‌کرا، ئه‌وه‌ به‌پێى یاسا،‌ جێبەجێکردنی بڕگه‌ و مادده‌کانى نێو پرۆژەیاسای 2021 بۆ ساڵى داهاتوو به‌رده‌وام دەبێت، بۆیه‌ به‌م پێوه‌ره‌، حکوومه‌تى عێراق له‌ ناردنى بڕه‌ پاره‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".

 

وەزارەتی دارایی هەرێم (20ی کانونی یەکەمی 2021)ناردنی 200 ملیارەکەی لەلایەن بەغداوە ڕاگەیاند و دەڵیت، بەپێی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا پارەکە نێردراوە.   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، "پاش دواكه‌وتنی بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ی کانونی یەکەمی 2021، کاتژمێر 12:30 خولەک، بڕی 200 ملیار دینار به‌پێی رێکكه‌وتنی هه‌رێم - به‌غدا گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان.  

  

پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم (دووشەممە 20ی کانونی یەکەمی 2021) بە "ناس کورد"ی وت، "200 ملیار دینارەکەی بەغدا خرایەسەر هەژماری بانکی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."     

  

لاى خۆیەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی كە "ناس كورد" بینیویەتی (دووشەممە 20ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "دواکەوتنی 200 ملیارەکە چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە کە ڕێوشوێنێکی کارگێڕیانەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی عێڕاق و هەرێم."       

  

وتیشی، "پێموایە هیچ کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو کێشەیەکی تەکنیکییە، چونکە ڕێککەوتنێک هەیە لەنێوان بەغدا و هەرێم بۆ ناردنی ئەو پارەیە، سەبارەت بە وادەی ناردنی پارەکەش وەزارەتی دارایی دەزانێت و من ئاگاداری نیم."