ناس کورد-
مەلا بەختیار رایگەیاند، كێشەو گرفتەكانی یانزە ساڵی نێوان سێهەمینو چوارەمین كۆنگرەى یەکێتى، بەپینەوپەڕۆ چارەسەركراو، نەك بەئەقڵانی و بەپێی بەرژەوەندییە باڵاكان، هەربۆیەشە سەرەنجام بەسەعاتێك تێكچوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ئۆفێسی پەیوەندییەكانی سەربازیی، لەكونسوڵگەریی هەنگاریا، کێشەکانى یەکێتى بەتایبەت لەدوای رووداوەكانی 8ی تەمموز گەڕاندەوە بۆ سەرەنجامی كۆنگرە "چونكە پرۆگرامی كۆنگرە هەڵەبوو، هەر ئەمەش وایكرد هەڵە بكرێت لەداڕشتنەوەو نوسینەوەی پەیڕەوداو سەرەنجامەكەی گەیشتە (8)ی تەمموز"، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى.
وتیشى "نە گفتوگۆ، نە هەڵسەنگاندن، نە رەخنەو سەرنج بۆ یانزە ساڵی رابردووی نێوان دوو كۆنگرە نەكراو هەروەك نوسینو داڕشتنەوەی پەیڕەویش، كە دەبوو لەكۆنگرە دەنگی لەسەر بدرێ، ئەوەش نەكرا! هەموو ئەمانەش دۆخی یەكێتیان بە(8)ی تەمموز گەیاند".
مەلا بەختیار باسى لەوەشکرد، ئەوەی لەكوردستان دەگوزەرێ، بەسیستەمكردنی گەندەڵییەو زۆری ژمارەی هێزەكانی چەكدارو كارمەندانی حكومەیش بوونەتە بەشێك لەو بەسیستەمكردنە.
دەشڵێت "هەتا رێككەوتنی سیاسی و ستراتیجی كۆنكرێتی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا ئەنجامنەدرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە، هێزی پێشمەرگەش بەتەواوی یەكناخرێتەوە. كە لەئەنجامیشدا ئەو رێككەوتنە ستراتیجییە گرەنتییە هەم بۆ ریفۆرم و هەم بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابورییو چاكسازیی بنەڕەتیش.
هەروەها لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقەوە وتى "ئەگەرچی ئەم هەڵبژاردنە پاكتر بوو لەهەڵبژاردنەكانی رابردوو، دەبوو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەرەو كۆتایی بچێ، بەڵام وادەرنەچوو، چونكە هەموو حزبەكان دەیانەوێ لەدەسەڵاتبن".
وتیشی "پێش هەڵبژاردن بەشەش مانگ، رامگەیاندووە حزبە سیاسییەكان ئەگەر بزانن لەهەڵبژاردن دەرناچن، ئەوا كێشە بۆ هەڵبژاردنەكە دروستدەكەن. ئەگەرنا لەدوای هەڵبژاردن، ئەگەر ئەنجامەكەیان بەدڵنەبێت، ئەوا پرۆسەكە تێكدەدەنو گرفتی بۆ دروستدەكەن".