ناس کورد-
پارێزگارى هەولێر هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس و زێرەڤانی، هاتوچۆ و بەرگرى شارستانى خستە حاڵەتى ئامادەباشییەوە ئەوەش بۆ ڕووبەرووبوونەوە و بەرگرتن لە مەترسیەکانى لافاو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى پارێزگاى هەولێر (دووشەممە 20ی کانونی یەکەمی 2021) کە دەست "ناس کورد" کەوتووە "لەکۆبوونەوەیەکدا لە دیوانى پارێزگا، پارێزگارى هەولێر سەرجەم لایەنەکانى ڕاسپارد، وەک ئامادەباشى بۆ قۆناغى دووەمى کاریگەریى ئەو شەپۆلەى ڕووى لە ناوچەکەمان کردووە و وا پێشبینى دەکرێت له كاتهكانى ئێوارەى ئەمڕۆ دووشهممه، بارانبارین دەست پێدەکاتەوە و لە کاتەکانى شەودا بارانبارین زیاتر بێت و هەندێك جار لێزمە باران ببارێت تاوەکو ڕۆژى پێنجشهممه، هەرچى زووە و پەلەبکەن لە گرتنەبەرى هەموو ڕێوشوێنێکى پێویست بۆ بەرگرتن و ڕووبەڕوو بوونەوەى مەترسیەکانى لافاو".
دەقى راگەیەنراوەکە:
دواى نیوەڕۆى ئەمرۆ دووشەممە 2021.12.20، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولیر و ئامادەبوونى عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەبارەت بە ڕووبەرووبوونەوە و بەرگرتن لە مەترسیەکانى لافاو، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر سەرجەم لایەنەکانى ڕاسپارد، وەک ئامادەباشى بۆ قۆناغى دووەمى کاریگەریى ئەو شەپۆلەى ڕووى لە ناوچەکەمان کردووە و وا پێشبینى دەکرێت له كاتهكانى ئێوارەى ئەمڕۆ دووشهممه، بارانبارین دەست پێدەکاتەوە و لە کاتەکانى شەودا بارانبارین زیاتر بێت و هەندێك جار لێزمە باران ببارێت تاوەکو ڕۆژى پێنجشهممه، هەرچى زووە و پەلەبکەن لە گرتنەبەرى هەموو ڕێوشوێنێکى پێویست بۆ بەرگرتن و ڕووبەڕوو بوونەوەى مەترسیەکانى لافاو، لەدواى کۆبوونەوەش لە هەموو ئەو شوینانەى کە مەترسى دروستبوونى لافاویان لەسەرە تیمەکان و ئامێرى پێویست دابینکرا و تەواوى هێزەکانى (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، هاتوچۆ و بەرگرى شارسانى) و (قائیمقامیەتەکان و ناحییە و تەندروستى و شارەوانیەکان و ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگا) و تەواوى فەرمانگاکان بکەونە حاڵەتى ئامادەباشى تەواو بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێکى نەخوازاروو و پاراستنى سەرو ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و دەوامى شەوانە بڕیارى لێبدرێت.
لەتەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانى چەند ڕۆژەى ڕابردووى تیمەکان کرا لە بەهانەوەچوون و یارمەتیدان و پاککردنەوەى ئەو شوێنانەى بەهۆى لافاوەکەى ڕۆژى هەینى رابردوو دووچارى زەرە و زیان هاتن، پارێزگاری ههولێر دەستخۆشى لە سەرجەم دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کرد هەر لەسەرتایی ڕووداوەکەدا دەستى هاوکارى و یارمەتیان بۆ لێقەوماو و زیانلێکەوتووان درێژکرد و بهشداریبوون له بههاناوهچوونی خهڵكی لێقهوماو و ههرچی پێویست بوو بۆ هاوكاریكردنیان درێغییان نهكرد.