گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دابەشکردنى پۆستەکان’’

هەڵوێستێکى نوێ لە یەکێتییەوە لەبارەى پۆستى سەرۆککۆمار

2021.12.19 - 21:43
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵوێستێکى نوێ لە یەکێتییەوە لەبارەى پۆستى سەرۆککۆمار

ناس کورد-

 

ئەندامێکى مەکتەبی سیاسی یەکێتى رایگەیاند، لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتى باسى دابەشکردنى پۆستەکانى بەغدا و پۆستى سەرۆککۆماریان نەکردووە و دیار نییە چى پۆستێک بەر کورد دەکەوێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عیماد ئەحمەد (یەکشەممە 19ى کانونی یەکەمی 2021) بە تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى وت "تا ئێستا نەدەستنیشان کراوە سەرۆکى کۆمار بەشى کورد دەبێت لەناو کوردیش بەشى کێ دەبێت و لەناو یەکێتیش بەشى کێ دەبێت، ئەولەویەت پۆستەکان نییە، بەڵکو مافەکانى گەلى کوردە".

 

وتیشى "پێمانخۆشە بەیەک دەنگ و هەڵوێست سەیرى پۆستەکان بکەین، کێ شایستەى ئەو پۆستەیە بۆ ئەرک ئەوە دیاریبکرێت، لەگەڵ پارتى دانەنیشتووین بۆ دابەشکردنى پۆستەکان و بزانین کام پۆستەمان بەردەکەوێت".

 

"پارتى و یەکێتى قازانج ناکەن ئەگەر بکەونە دوو سەنگەرى جیاواز بۆ پۆستەکانى بەغدا، ئەو پۆستانەى مافى یەکێتییە بەباشى دەیخەنە ئەستۆى ئەوانەى بەباشى بەڕێوەی دەبەن، بەڵام هێشتا کاتى ئەوە نەهاتووە".

 

عیماد ئەحمەد باسى لەوەشکرد، لەکۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ پارتى جەختیان کردووەتەوە کە پێکەوە بچنە بەغدا لەگەڵ هەموو لایەنە کوردییەکان، "پێش ئەوەش کە بڕۆین بەرنامەى هاوبەشمان هەبێت و بەیەک کارنامە بچینە بەغدا بۆ ئەوەى کابینەى نوێ بەجۆرێک بێت کە غەدر لەهەرێم نەکرێت".

 

لەبارەى دۆخى هەرێمیشەوە، عیماد ئەحمەد وتى "نابێت لەناو حکومەتیش بین و موعارەزەش بین، ئەگەر نانەڕەقەیەکیشیمان هەبێت پێکەوە بیخۆین خەڵک رازى دەبێت، بەڵام ناکرێت خەڵک نانى نەبێت و ئێمەش باسى کوردایەتى بۆ بکەین".