گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دەداتە نەخۆشخانەی شار: مووچەکانتان نافەوتێت

2019.03.12 - 20:55
قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دەداتە نەخۆشخانەی شار: مووچەکانتان نافەوتێت

 

ناس کورد-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ڕادەسپێرێت کە لێپێچینەوە بکەن لە ڕووداکەی ئەمڕۆی سلێمانی و دڵنیاییش دەداتە فەرمانبەران کە مووچەکانیان نافەوتێت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەرپرسی ڕاگەیەندنەکەی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانی ڕاسپاردووە "ئەوپەڕی هەوڵ و توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ لێپێچینەوە لە ڕفاندنی مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شارو دۆزینەوەی تاوانباران و ڕووبەڕووکردنەوەیان لەگەڵ یاسا."

 

هەروەها تاڵەبانی دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران و کارمەندانی تەندروستی کە "مووچەکانیان نافەوتێت و ئەوە مافی ڕەوای خۆیانە."

 

ئەمڕۆ لە کاتی گواستنەوەی مووچەی نەخۆشخانەی شار کە بڕەکەی 1.6 ملیار دیناربوو، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە سەرجەم پارەکە دزرا.

عه‌مید ئاسۆ ته‌ها، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى سلێمانى به‌ ناس كورد-ى وت: "هێزه‌كانمان له ‌سه‌رجه‌م بازگه‌ و ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كانى ناو شارى سلێمانى بڵاوكردۆته‌وه،‌ بۆ ده‌ستگیركردن و ئاشكراكردنى ئه‌و بانده‌ى هه‌ستاون به‌ بردنى بڕه‌ پاره‌ى كارمه‌ندانى نه‌خۆشخانه‌ى شار."

پاش دوو كاتژمێر له‌ بردنى بڕه‌ پاره‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكى نه‌ناسراو، ئۆتۆمبێله‌كه‌ى ته‌ندروستى له ‌گه‌ڕه‌كى مامه‌یاره‌ دۆزرایه‌وه‌، كه‌ به‌پێى زانیاریه‌كان، بڕى یه‌ك ملیار و شەش سه‌د ملیۆن دینار كه‌ بڕه‌ پاره‌ى كارمه‌ند و پزیشكان و نه‌سریه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شار بووه‌ "دزراوه‌."

عه‌مید ئاسۆ ته‌ها بۆ ناس كورد ئه‌وه‌ى ئاشكراكرد: “پۆلیس ده‌ستى به‌لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه،‌ بۆ ئەوەی سه‌رجه‌م تۆمەتبارانى کەیسی بردنى بڕه ‌پاره‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شار ئاشكرا بكرێن و ڕوبه‌ڕوى یاسا بكرێن، دڵنیایش دەدەین کە  تۆمەتبارەکان دەستگیر دەکەین”.

لە ئێستادا هێزێکی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایش له‌سه‌نته‌ر و ده‌وروبه‌ر و ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كانی شاری سلێمانی بڵاوبوونەتەوە، پۆلیسی سلێمانیش “بۆ ڕێكارى ئه‌منى په‌یوه‌ست به‌ ڕووداوه‌كه‌” دەیگەڕێنێتەوە‌.