ناس کورد-
پارێزگاری هەولێر ڕەتیکردەوە ئەو دوو کەسەی لە لافاوەکەی هەولێردا بێسەروشوێنبوون دۆزرابێتنەوە و دەڵێت، گەڕان بەشوێنیاندا بەردەوامە، دەشڵێت، لافاوەکە زیانی 21 ملیار دیناری هەبووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 19ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "لە لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هەولێر 12 کەس بوونەتە قوربانی، تەرمی 10 کەس دۆزراونەتەوە و دوو کەسی دیکەش کە دانەری تەمەن 10 مانگ و شوانێک بەناوی ئومێد شامل بێسەروشوێنن."
شەوی ڕابردوو دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە گوایە منداڵەکە بە زیندوویی دۆزراوەتەوە.
پارێزگاری هەولێر جەختیکردەوە، "تاوەکو ئێستا ئەو منداڵە نۆ مانگە و شوانەکە بێسەروشوێنن، تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بەشوێنیاندا، بەڵام وەک دەزانن داروپەردوویەکی زۆر کۆبووەتەوە و ڕێڕەوی ئاوەکەش دیار نەبووە، بۆیە نازانرێت بەرەو کوێ بردوونی."
ئومێد خۆشناو ئەوەشی ئاشکرا کرد، "دوو هەزار و 509 ماڵ ئاویان چووەتە ناو و زیانیان پێگەیشتووە، 402 ماڵ دیواریان ڕووخاوە و دەرگا و پەنجەرەکانیان تێکشکاون، هەروەها 867 ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەیەکی زۆر زەوی کشتوکاڵیش زیانیان پێگەیشتووە، جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر ڕێگاوبان و پرد و پڕۆژەی کارەبا و قوتابخانە زیانیان پێگەیشتووە."
پارێزگاری هەولێر وتیشی، بەکۆی گشتی 20 بۆ 21 ملیار دینار زیان بەر هاووڵاتیان و حکومەت کەوتووە.