گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

حەیدەر قوربانی بە نهێنی لە سێدارە درا

2021.12.19 - 10:43
App store icon Play store icon Play store icon
حەیدەر قوربانی بە نهێنی لە سێدارە درا

ناس کورد-

ڕێکخراوی مافی مرڤی هەنگاو ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کورد بە نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، کاتژمێر 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (19ی کانونی یەکەمی 2021) سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران بە نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

 

پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگای دادی پارێزگای سنە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەیندراوێک هەواڵی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی بە فەرمی پشتڕاستکردووەتەوە.

 

حەسەن قوربانی برای حەیدەر قوربانی پێشتر لەمبارەوە بە هەنگاوی وتبوو، “ئێمە بە پێی ماددەی 477 داوامان لە دیوانی بەرز کردبوو کە سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر حەیدەر قوربانی پێچەوانەی شەرع و پێجەوانەی یاسا بووە و ئەوانیش دۆسیەکەیان بە مەبەستی پێداچوونەوە گەڕاندبوویەوە بۆ دادگوستەری شاری سنە. من ڕۆژی دووشەممە 18ی گەلاوێژ چوومەتە دادگوستەری سنە و ئەوانیش وتوویانە ئێمە داواکاری ئێوەمان ڕەد کردووەتەوە و سزای لەسێدارە دانی حەیدەر قوربانی بۆ ناوەندی جێبەجێ کردنی سزاکان لەکامێران بەڕێ کراوە."

 

حەیدەر قوربانی کە ڕۆژی 16ی تشرینی یەکەمی 2016 لەگەڵ برایەکی خێزانیدا بە ناوی "مەحموود سادقی" لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرابوون، چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و بە وتەی کەسە نزیکەکانیان لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحیدا بوون و لە ئاکامدا حەیدەر قوربانییان ناچار کرد کە لە کاناڵی ئینگلیزی زمانی پرێس تیڤی بە زۆرەملێ دانپێدانان بکات.

 

حەیدەر قوربانی مانگی کانونی یەکەمی 2021 لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدیە تۆمەتی “بەغی” و “هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە 28ی کانونی یەکەمی هەمان ساڵ بە فەرمی بەناو براو لە بەندیخانەی سنە ڕاگەیەندرا.

 

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە حەیدەر قوربانی ماوەی 20 مانگ هیچ چەشنە پێوەندییەکی لە گەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و چەند مانگ پاش ئەوەیەکە دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لە سەر تیڤی بڵاو بووە، بنەماڵەکەی بۆ یەکەم جار و ئەویش لە رێگای تەلەفوونەوە توانییان لە گەڵیدا قسە بکەن.