ناس کورد-
وەزارەتی خوێندنی باڵای و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا یەک هەفتە بکرێتە پێشوی فەرمی لە سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی سەڵاحەدین بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی بەشە ناوخۆییەکە کە بەهۆی لافاو زیانی بەرکەوتوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەت، ئەمڕۆ هەینی (17ی کانونی یەکەمی 2021) وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشە ناوخۆیی کوڕانی شەوکەت شێخ یەزدینی لە هەولێر بەسەردەکاتەوە کە بەهۆی باران و لافاوەوە زەرەر و زیانی زۆری مادی بەرکەوتوە.
ڕاگەیەنراوەکە دەشڵێت، "ئارام محمد قادر بەیاوەری بریکاری وەزارەت و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بەشەناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدینی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیان گفتوگۆی کرد و لە بارودۆخ و تەندروستیانی پرسی کە دوای لافاوەکەی دوێنێ شەو زیانێکی زۆری مادی بە بەشە ناوخۆییەکە کەوتووە و رایگەیاند خۆشبەختانە زەرەرو زیانەکان تەنھا زیانی مادیین و گیانی قوتابیان و خوێندکارە ئازیزەکانمان سەلامەتن .
وەزیری خوێندنی باڵا وتویژینەوەی زانستی ستافی زانکۆی سەڵاحەدینیشی ڕاسپارد بەپەلە زیانەکانی لافاوەکە دەستنیشان یکەن و قەرەبووی خوێندکاران بکرێتەوە بۆ ئەوەی پێداویستی و کەلوپەلی پێویستیان بۆ دابین بکرێت و گیانیان سەلامەت بێت."
دەشڵێت، "بۆ ئەمەش بڕیاردرا یەک هەفتە بکرێتە پێشوی فەرمی لە سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی سەڵاحەدین بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی بەشە ناوخۆییەکە کە بەهۆی لافاو زیانی بەرکەوتوە."