ناس کورد-
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، حزبەکەی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک داواکاریی خۆی بۆ بەشداری لە حکومەتی داھاتووی عێراق ئامادە کردووە، دەشڵیت، پڕۆژەکەیان گشتگیرە و داوا دەکەن لایەنەکانی دیکەش بەشدار بن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بلند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی (پێنجشەممە ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١) بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، "سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا ئاساییە وەک لایەنێکی سیاسی، ئەوە نابێتە بەدیلی ئەوەی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە نەکەن و بە پڕۆژەی ھاوبەش سەردانی بەغدا نەکەن، شاندی یەکێتی بەتەنیا دەچێتە بەغدا و شاندی ئێمەیش دەچێت، بەپێچەوانەوە شاندی لایەنە سوننە و شیعەکانیش بە جیا دێنە ھەرێمی کوردستان.''
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوەی لای ئێمە گرنگە وەک پارتی، ئێمە سورین لەسەر ئەوەی لەگەڵ برادەرانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش بە یەک پڕۆژەوە بچینە بەغدا، واتە پڕۆژەیەکی ھاوبەشی کوردستانی ھەبێت.''
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پڕۆژەی پارتی ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، ئێمە دەمانەوێت پڕۆژەکەمان دەوڵەمەند بێت و لایەنی دیکەش بەشداریی تێدا بکەن، ئەگەر ئەوانیش پڕۆژەیان ھەبێت، چونکە پڕۆژەی پارتی گشتگیرە و ھەموو مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانی تێدایە بۆ ئەوەی لە حکومەتی داهاتوودا بچێتە واری جێبەجێکردنەوە''.