گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بافڵ تاڵەبانى و مەکگۆرک: ھاوسەنگی سیاسی بپارێزرێت

2021.12.13 - 18:18
App store icon Play store icon Play store icon
بافڵ تاڵەبانى و مەکگۆرک: ھاوسەنگی سیاسی بپارێزرێت

ناس کورد-

 

بافڵ تاڵەبانی و  برێت مەکگۆرک کۆبوونەوە و جەختیان کردەوە لەسەر دەستپێکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ کە خواست و پێویستی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی عێراقى لەسەر بێت و ھاوسەنگی سیاسی تێدا بپارێزرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى بافڵ تاڵەبانى (13ی کانونی یەکەمی 2021) کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەى بەوەکردووە "دەمانەوێت وەک نوێنە‌رانی کوردستان بە یەک تیم بچینە بەغداد و لەگەڵ دۆستەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەین و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و یاساییەکانمان بکەین کە سەرخستنی ئەم نیەتە زامنی عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی پارێزراو دەبێت".

 

دەقى راگەیەنراوەکە:



بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ھەولێر پێشوازیکرد لە برێت مەکگۆرک، رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و وەفدێکی یاوەری.

 

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ماتیو تۆلەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، گفتوگۆی ھەمەلایەنە لەبارەی پرسە چارەنووسازەکان، پێشھاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان، عێراقی دوای ھەڵبژاردن کرا، جەختکرایەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و پەنابردن بۆ دیالۆک و زمانی گفتوگۆ کرایەوە.

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە بەتایبەت لە پرسی بەردەوامیدان بە راوێژ و ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە رووی مەشق و پێشخستنی توانا لۆجستی و سەربازییەکان لەپێناو ریشەکێشکردنی تیرۆر و ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکە.

سەبارەت بە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن و حکومەتی داھاتووی عێراق لە دیدارەکەدا بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە دەستپێکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا و چالاک کرایەوە کە لەئاست ھەستیاری ھەلومەرجەکە و خواست و پێویستی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی عێراق بێت و ھاوسەنگی سیاسی تێدا بپارێزرێت.

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەگرنگییەوە ئاماژەی بە ھەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ ئە‌وە‌ی نوێنە‌رانی كوردستان بە‌یە‌ك تیم  بچنە‌ بە‌غداد و دیدگای روونی یەکێتی ئاشکراکرد کە پەرۆشی رەخساندنی زەمینەی پێکەوەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و وتی: دەمانەوێت وەک نوێنە‌رانی کوردستان بە یەک تیم بچینە بەغداد و لەگەڵ دۆستەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەین و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و یاساییەکانمان بکەین کە سەرخستنی ئەم نیەتە زامنی عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی پارێزراو دەبێت.

 

ھەر لەدیدارەکەدا چەندین پرسی تری جێی بایەخی ھەردوولا راشکاوانە بیروبۆچوونیان لەبارەوە خرایە روو.