گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤیدیۆ و زانیاری

سامانە سروشتییەکانی هەرێم: تائێستا بەغدا یەک لیتر نەوتی سپی نەناردووە

2021.12.13 - 16:31
App store icon Play store icon Play store icon
سامانە سروشتییەکانی هەرێم: تائێستا بەغدا یەک لیتر نەوتی سپی نەناردووە

ناس کورد-

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم وردەکاری ڕێککەوتنی سوتەمەنی لەگەڵ حکومەتی بەغدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق یەک لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەتاح ڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە هاوکات سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای کڕینی سووتەمەنییە لە حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حکومەتی هەرێم (13ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، دوای دروستبوونی قەیرانی بەنزین لە مانگی ئابی ئەمساڵ، لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری سامانە سرووشتییەکان راسپێردرا بۆ ئەوەی چارەسەری قەیرانی بەنزین بکرێت، ئەویش لەڕێگەی کڕینی بەنزین لە حکومەتی فیدراڵییەوە، بەپێی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق دەبوو رۆژانە بڕی ملیۆنێك و 80 هەزار لیتر بەنزین هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

 

فەتاح رەحمان ئاشکراشی کرد، "بەپێی رێککەوتنەکە پێویستبوو پێشەکی پارەی سووتەمەنییەکە بۆ هەژماری بانکی بنێرین"، ئامانجی حکومەتیش لە دابینکردنی ئەو بڕە بەنزینە بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین بوو، دەشڵێت "یەک لیتر بەنزینمان بە 650 دینار لە حکومەتی عێراقی کڕی و لە رێگای سێ کۆمپانیای تایبەتیشەوە پڕۆسەی گواستنەوەی بەنزینەکە بۆ پارێزگاکان جێبەجێدەکرێت"، باسی لەوەشکرد بە نرخی گواستنەوەی بەنزینەکە و شایستەی بەنزینخانەکان نرخی کۆتایی ئەو بەنزینە هاوردەکراوە دەگاتە 690 دینار بۆ هەر لیترێك، هیچ شوێنێکی هەرێمی کوردستانیش لەو بەنزینە بێ بەش نەکراوە.

 

سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای کڕینی سووتەمەنی جەختی لەوەش کردەوە، هەر بڕە بەنزینێکی هاوردەکراو ئەگەر لە پشکنین دەرنەچوو یان بەپێی ستانداردەکان نەبوو، ئەوا "رێگا نادەین هاوردە بکرێت و دەیگەڕێنینەوە".

 

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاشکرای دەکات، حکومەتی عێراق پابەندی ئەو بڕیار و رێککەوتنە نەبووە کە خۆیان دەریانکردووە، بۆ نموونە لە 1-10-2021 تاوەکو 23-10-2021 "یەک لیتر بەنزینیان بۆ نەناردووین لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە پارەی پێویستمان بۆ خستبوونە سەر هەژماری بانکی و کۆمپانیاکانی گواستنەوەش لە ئامادەباشی تەواودا بوون".

 

سەبارەت بە دابەشکردن و کڕینی نەوتی سپیش، فەتاح رەحمان روونی دەکاتەوە ئەو رێککەوتنەی کە بۆ هاوردەکردنی بەنزین کرابوو، نەوتی سپیشی لەخۆگرتبوو، بەپێی رێککەوتنەکە حکومەتی عێراقی بڕیاردا بە نرخێکی بازرگانی نەوتەکە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت کە بۆ هەر لیترێک 400 دینارە، لەکاتیکدا ساڵانی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی 150 دینار نەوتی لە حکومەتی عێراقی وەرگرتووە، ئاشکراشی دەکات هەرێمی کوردستان پێویستی بە 255 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە.

 

سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای کڕینی سووتەمەنی راشیگەیاند، ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 61.5 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان نارد بە نرخی 150 دینار بۆ هەر لیترێك، بەڵام ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنیش کراوە و پێشەکیش پارەکە دابینکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق یەک لیتر نەتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.