گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەرمى کۆچبەرە خنکاوەکانى رێگەى بەریتانیا دەگەڕێنرێنەوە هەرێم

2021.12.12 - 22:29
App store icon Play store icon Play store icon
تەرمى کۆچبەرە خنکاوەکانى رێگەى بەریتانیا دەگەڕێنرێنەوە هەرێم

ناس کورد-

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەچەند رۆژى داهاتوودا تەرمى ئەو کۆچبەرانە دەگەڕێنرێنەوە هەرێم کە لەکەناڵى ئینگلیزى لەنێوان بەریتانیا و فەڕەنسا خنکان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم ( 12ی كانونی یەكەمی 2021) لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، تەواوی ئەو کارانە ئەنجام دراون کە پێویست بوون بۆ ناسینەوەی تەرمەکان، بەتایبەت ناردنی پەنجەمۆری ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەو بەلەمەدا بوون، هەروەها هەماهەنگییەکی تەواو هەبوو له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی داد و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پۆلیسی فه‌ره‌نسا و تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا حکومەتی فەرەنسا بە شێوەیەکی فەرمی ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردانە بداتە حکومەتی هەرێم، بۆئەوەی رێکاری تایبەت بە گواستنەوەی ئەو قوربانیانە بگیرێتەبەر بۆ گواستنەوەی تەرمەکانیان بۆ زێدی خۆیان.

 

رۆژی  24ی تشرینی دووەمی 2021، بەلەمێکی چووپ بە 33 کۆچبەرەوە کە لە فەڕەنساوە بەرەو بەڕیتانیا بەڕێکەوتبوو ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە 27 کۆچبەریان خنکان کە زۆرینەیان کوردن. 

 

 

دەقى راگەیەنراوەکە:



لە دوای ڕووداوی خنکانی ژمارەیەک هاووڵاتی لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕۆژی ٢٤\١١\٢٠٢١، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمـی لە فەرەنسا ڕاسپارد، تاوەکو هەر کارێک کە پێویست بێت بۆ ناسینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی ئەو ڕووداوە ئەنجامی بدەن.

 

لەو ماوەیەدا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا، بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، تەواوی ئەو کارانەیان ئەنجام دا کە پێویست بوون بۆ ناسینەوەی تەرمەکان، بەتایبەت ناردنی پەنجەمۆری ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەو بەلەمەدا بوون، هەروەها هەماهەنگییەکی تەواویان هەبوو له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی داد و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پۆلیسی فه‌ره‌نسا و تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌.

 

بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حکومەتی فەرەنسا بەشێوەیەکی فەرمی ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردانە بداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ڕێکاری تایبەت بە گواستنەوەی ئەو قوربانیانە بگیرێتەبەر بۆ گواستنەوەی تەرمەکانیان بۆ زێدی خۆیان.

 

پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە لیست و ژمارەی ئەو قوربانیانە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەندێک میدیا بڵاو کرایەوە، بە هیچ شێوەیەک فه‌رمی نیه‌ و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی فه‌ره‌نسا‌ پشتڕاستیان نەکردووەتەوە و لە دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش لە چەند ڕۆژی داھاتوو، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ناسنامه‌ی قوربانییان ڕاده‌گه‌یێندرێت.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی خۆی لە خانەوادەی قوربانیانییەکان، دڵنیاییان دەداتێ کە ئەوەی پێویست بێت بۆ گەڕاندەوەی تەرمی قوربانییەکان دەیکات و لەسەر ئەرکی خۆی ئەو تەرمانە دەگەرێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١