گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری؛ دەوامی حكومەت لە شنگال رادەگرێت

2021.12.12 - 20:51
App store icon Play store icon Play store icon
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری؛ دەوامی حكومەت لە شنگال رادەگرێت

ناس کورد-

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال، دەوامی فەرمانگەكانی حكومەت و رێكخراوە ناحكومییەكان لە قەزاكەدا رادەگرێت، بەهۆی بەردەوامی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیاوە، ئەوەش بۆتە جێی ناڕەزایی ئیدارەی نەینەوا و هەوڵدەدەن بە فشاری هێز رێگریی لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بكەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راپۆرتێکى پێگەى "کەرکوک ناو"، ئەمڕۆ یەكشەممە 12ـی كانونی یەكەمی 2021، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە نوسراوێكدا بۆ فەرمانگە و رێكخراوەكانی سنوری قەزای شنگال، فەرمان دەكات بە راگرتنی دەوام تا كاتێكی نادیار.

 

خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال وتى "بێزاربوین لە قسەی لێپرسراوانی عیراق كاتێك دەڵێن هەڵوێستمان دژی بۆردومانەكانی توركیا دەبێت و هیچ هەنگاوێكی كردەیی نانێن، بۆیە بڕیارماندا بە راگرتنی دەوام لە هەموو فەرمانگە حكومییەكان، بەدەر بە نەخۆشخانە و خوێندنگەكان، تا ئەوكاتەی عیراق دێتە سەر خەت".

 

دوایین بۆردومانی توركیا 11ـی كانونی یەكەم بوو بۆ بارەگای ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە خانەسۆری شنگال، كە پێشتر بارەگای بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لالش بوو.

 

لە 7ـی ئەم مانگەشدا، توركیا لە بۆردومانەكانیدا ئۆتۆمبێلی مەروان بەدەل حەجی، لێپرسراوی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)ـی كردە ئامانج، بەهۆیەوە ئەو لێپرسراوە كوژرا و دوو منداڵیش برینداربون.

 

"بڕیارەكە لە جێی خۆیەتی و ئەگەر ئەمە نەكەین حكومەتی عیراق هەڵوێستی نابێت، ئێمەش دەپرسین تا كەی توركیا بە ئارەزوی خۆی ناوچەكانمان بۆردومان دەكات و عیراق بێ هەڵوێست دەبێت، دەبێت چی بكەین؟ خۆپیشاندان و ناڕەزاییش سودی نەبوو".

 

ئەلیاس جەختیكردەوە "هەر فەرمانگەیەكی حكومی یان رێكخراوێك پابەندی بڕیارەكە نەبێت، ئەوا بەرپرسیارێتی گیانی فەرمانبەر و كارمەندانیان دەكەوێتە ئەستۆ".

 

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمارده‌كرێن، هەر ئەوانیش ئێستا بەبێ دانپێدانانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، ئیدارەی بەشێك لە قەزاكە دەدەن.

 

بەرەكات عیسا، بەڕێوەبەری هۆبەی چاندن لە ناحیەی سنونێی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "من بڕیارەكەم بەدەست گەیشتووە، بەڵام هێشتا پێوەی پابەندنەبوم، ئەگەر هیچ هێزێك هەوڵی پاراستنی ئێمە نەدات ئەوا ناچاردەبین بڕیارەكە جێبەجێدەكەین، هەرچەندە چارەسەر بە راگرتنی دەوام ناكرێت، چونكە ئەمە پرسێكی هەرێمی و نێودەوڵەتییە".

 

هەروەها وتی خەمی ئەوان دروستبونی كێشەیە بۆ هاوڵاتیان بەهۆی راگرتنی دەوامەوە، بۆیە لەگەڵ ئەوەدان رێگا و شێوازی دیكە بگیرێتەبەر دژی بۆردومانەكانی توركیا.

 

توركیا لە یەك ساڵی رابردودا چەندیجاری دیكە بۆردومانی ناوچە جیاوازەكانی شنگالی كردووە بە پاساوی كردنە ئامانجی بارەگا و لێپرسراوانی نزیك لە پەكەكە.

 

عەلی گەعبۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری رێكخراوەكان و ئاوارەكان بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری ناشەرعین، بەهیچ شێوەیەك ئەو دەسەڵاتەیان نییە دەوامی فەرمانگەكان ڕابگرن، خۆیان و بڕیارەكەشیان ناشەرعییە، بۆیە رێگانادەین بڕیارەكەیان سەربگرێت".

 

ئەو دەڵێت داوایان لە هێزە ئەمنییەكانی شنگال كردووە هێز لە بەردەم فەرمانگەكاندا دابنێن تا هیچ كەسێك نەتوانێت دەوامیان رابگرێت.

 

پێكهێنانی ئیداره‌ی نوێی شنگال، میحوه‌رێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020 بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی قه‌زاكه‌ واژۆیانكرد، به‌ڵام هێشتا هیچ خاڵێكی وه‌ك خۆی جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

 

جێگری پارێزگاری نەینەوا وتی حكومەتی فیدراڵی عیراق لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری ئاگاداركردۆتەوە، "بە دڵناییەوە ئەوانیش هەڵوێستی توندیان دەبێت، چونكە راگرتنی دەوام هێڵی سورە، ئێمەش پێمانناخۆشە توركیا بۆردومان دەكات، بەڵام ئەو بابەتە بە راگرتنی دەوام چارەسەر نابێت" عەلی گەعبۆ دەشڵێت "زانیاریمان هەیە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری بەنیازی خۆپیشاندان و ناڕەزاییە بۆیە دەیانەوێت دەوام رابگرن تا زۆرترین كەس بەشداری ناڕەزاییەكان بكەن".

 

بەرەبەیانی 17ی ئۆكتۆبەری 2017 هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی عیراق چونە ناو قەزای شنگال و لە بەرانبەردا هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكشێیان كرد، ئەوەش دوای ئەوەی پەیوەندی هەردوو حكومەت بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

 

لەوكاتەوە قه‌زای شنگال دوو ئیداره‌ی هه‌یه‌، یه‌كێكیان له‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌دایه‌ و به‌وه‌كاله‌ته‌، دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا پێكهێنراوه‌ و ئه‌ویتریان كه‌ له‌ 2013ـه‌وه‌ له‌كاردایه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی قه‌زاكه‌ و لە سنوری پارزگای دهۆك درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان ده‌ده‌ن.

 

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی  فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.