ناس کورد-
قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سلێمانی هێشتا قەیرانی غاز سەریهەڵنەداوە و دەشڵێت، هەشت ڕۆژە بەنزینە 690 دینارییەکەی بەغدا نەهاتووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 12ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "تاوەکو ئێستا لە سلێمانی قەیرانی غاز سەریهەڵنەداوە، چەند لیژنەیەکمان هەیە رۆژانە سەردانی کارگەکانی غاز دەکەن و چاودێرییان دەکەن، نەمانهێشتووە نرخی غازی حکومی زیاد ببێت و بە 8500 دینارە، بەڵام نرخی غازی بازرگانی زۆر زیاد بووە".
سلێمانی رۆژانە نزیکەی 220 تۆن غازی بۆ دەچێت، قائیمقامی سلێمانی دەڵێت، "لە زستاندا پێویستمان بە زیاتر لە 300 تۆن غازە، چونکە ئەو بڕە هەڵەبجەیشی لەسەرە و زیاتر لە 510 هەزار ماڵ لە سنوورەکەماندان".
باسی لەوەشکرد، "هەر کارگەیەک غازی بەشی ماڵانی بە بازرگانی فرۆشتبێتەوە سزادراوە، دەبێت بەرلەوەی غاز ببێتە بابەتێکی بازرگانی، خواستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی پێ پڕبکرێتەوە".
هاوکات لەبارەی بەنزینە 690 دینارییەکەی بەغدا قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد "پێشتر رۆژانە 360 هەزار لیتر بۆ پارێزگای سلێمانی و 144 هەزار لیتر بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەهات، بەڵام هەشت رۆژە راگیراوە و هیچ نەهاتووە."