ناس کورد-
دوای دروستبوونی ناڕەزایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەى بوونی شیعرێک لەناو کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی 10ی ئامادەیی کە سوکایەتی بە ئاینی ئیسلام دەکات، وەزارەتی پەروەدە دەڵێت، ئەو شیعرە لە 2007ـەوە لەناو پڕۆگرامدایە و تازە نییە، "بەڵام سەرقاڵی پێداچوونەوەن."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتی پەروەردە لە ڕوونکردنەوەیەکەیدا (11ی کانونی یەکەمی 2021) دەڵێت، بابەتێک لە کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی (10)ـی ئامادەیی سەبارەت بە دەستەواژەیەک لە (لاوکێ دەروێشی عەڤدی) ڕەخنەی لەسەر هەیە و چەند ڕوونکردنەوەیەک دەدات؛
1- ئەو بابەتە لە ساڵی 2007ەوە لە پۆلی (10) لە کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی هەیە و نوێ نییە ئەمساڵ دانرابێت.
2- ئێمە لە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرامەکان لە ئێستا دا لە قۆناغی پێداچوونەوەین بە پرۆگرامەکانی خوێندن، چەندین کتێب پێداچوونەوەی بۆ ئەنجامدراوە، کتێبی کوردی پۆلی (11 و 12)ـی ئامادەیی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو پێداچوونەوەی بۆ کراوە و ئێستا کتێبێکی نوێ دەخوێندرێت. وە کتێبی کوردی پۆلی (10)ـی ئامادەیی ئێستا لە قۆناغی پێداچوونەوەیە و لێژنەی پسپۆڕ چەندین مانگە کاری لەسەر دەکات بۆ ئەوەی بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو (2022 - 2023) کتێبە نوێیەکەی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی (10) لە ناوەندەکانی خوێندن بخوێندرێت، بەدڵنیایی ڕەچاوی رێزگرتنی تەواوی ئایینەکان و ئایینزاکان و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە دەکرێت.