گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەرەكی و ناوخۆیین

’’شەش پێوەر سەرۆكوەزیرانی عێراق دیاری دەكەن و پاڵێوراوەكانیش كەمن’’

2021.12.10 - 15:03
App store icon Play store icon Play store icon
’’شەش پێوەر سەرۆكوەزیرانی عێراق دیاری دەكەن و پاڵێوراوەكانیش كەمن’’

ناس كورد_

شرۆڤەیەك ئەوە دەخاتەڕوو ململانێی شیعەكان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە پەڕیوەتەوە بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیران، بۆ دیاریكردنی كاندیدی ئەم پۆستەش شەش پێوەر و كارتێكەر و تارمایی خۆپیشاندانەكان یەكلاكەرەوەن، ئەمەش لیستی پاڵێوراوەكانی كورت كردووەتەوە بۆ كۆمەڵێك كەسایەتی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی شرۆڤەكە كە "یاسین تەها" بۆ ناوەندی لێكۆڵینەوەی ڕووداو (RRC) نووسیوە و "ناس كورد" بینیویەتی (10ی كانونی یەكەمی 2021)، هێشتا یەكلایی نییە ئاخۆ سەدر دەتوانێت پارێزگاریی لە پێشەنگیی لیستەكەی بكات (74 كورسی) یان ركابەرە شیعەكانی دەتوانن سەركێشی بكەن و پێكەوە هاوپەیمانییەكی لەو گەورەتر هەر لەناو پێكهاتەی شیعە دروست بكەن.

 

هەروەها ئەوەی خستووەتەڕوو سەدر كە هەڵگری دروشمی حكومەتی زۆرینەیە، لە خوان و كۆبوونەوەی ماڵی عامری لە بەغدا هەر هەمان پێشنیار و پێداگریی كردووە، لە كاتێكدا لایەنە شیعەكانی دیكە داوای هاوپشكی و حكومەتی سازان دەكەن كە بەجۆرێك لە جۆرەكان بازدانە بەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەهۆی ناكۆكی و دەمەقاڵەی سەركردە شیعەكانیشەوە خەریكبووە دیدارەكەی ماڵی عامری تێكبچێت.

 

شرۆڤەكە باس لەوەش دەكات سەدر پاشەكشەی كردووە لەوەی حكومەت “سەدری پەتی” بێت یان سەرۆكەكەی لە رەوتەكەی بێت، وەك ئەوەی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن پێداگری لەسەر دەكرد، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەدر بایی ئەوەنە پێگەیشتووە لە ئەزموون و سیاسەت كە سەرۆكوەزیرانێكی سەدری جگە لە ڤیتۆی ركابەرەكانی، خاڵی زۆری لە دابەشكردنی پۆست و وەزارەتەكان بۆ ناهێڵێتەوە. هەروەها دەیكاتە لێپرسراوی راستەوخۆش لە بارگرانی و كێشە كەڵەكەبووەكانی عێراق و لە داهاتوودا چی دیكە دەرفەتی ئەوەی نابێت خۆی بدزێتەوە و رۆڵی واعیز یان رەخنەگر ببینێت.

 

لەبارەی پێوەرەكانی سەرۆك وەزیرانیشەوە، شرۆڤەكە ڕوونیدەكاتەوە،دانانی سەرۆكوەزیران مەرجە رەزامەندی روون و كۆتایی ئێرانی لەسەر بێت و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەبێت، هەروەها دەبێت لای مەرجەعیەت ناپەسەند نەبێت و ڤیتۆی نەجەفی لەسەر نەبێت. جگە لەوەش ئەوە تاڕادەیەكی زۆر یەكلاییە كە قۆناخەكە سەركێشی هەڵناگرێت و، دەبێت كاندیدەكە تاقیكراوەی پۆستی حكومی و كەسێكی ناسراو بێت و پاش كاندیدكردنیشی بۆ سپیكردنەوەی پرۆسەكە رەزامەندی و پشتیوانی زۆرینەی كورد و سوننە هەر گرنگن بۆ ئەوەی مۆركی نیشتمانی وەرگرێت.

 

هەروەها ئاماژە بەوە دەكات ئەم پێدراوە روونە دەرەكییانە لەگەڵ ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە ئێستادا لیستی كاندیدەكانی سەرۆكوەزیرانی كورت كردووەتەوە بۆ كۆمەڵێك ناو كە ئەو مەرجانەیان تێدایە بەمم جۆرەی خوارەوە:

 

مستەفا كازمی:

ئەگەر سەدر پێداگرییەكەی بباتە سەر و حكومەتی زۆرینە دروست بكات كە گۆڕانكارییەكی جومگەیی دەبێت لە پرۆسەی سیاسی نوێی عێراقدا، ئەوە كازمی یەكێك لە دیارترین كاندیدە بەردەستەكانە. لەلایەك پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دەرەوەی عێراق هەیە، لە لاكەی تر پشتیوانییەكی زۆری لە سەدرەوە هەیە، زۆرینەیەكی كوردی و سوننەش لەسەری رازین. هەر لەناو شیعەشدا ئەگەر هەیە حەكیم و تاڕادەیەكیش عەبادی پشتیوانی بكەن، بەڵام گرفتی سەرەكی بەردەم كازمی ڤیتۆی فەتح و مالیكی و گروپە چەكدارەكانە كە هەڵوێستی راگەیەنراویان گۆڕینی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەیە بەتایبەت كازمی كە زۆربەی كاتەكانی 15 مانگی بەر لە هەڵبژاردنی بە بەرهەڵستی و بەرەنگاربوونەوەیان بەسەر بردووە. گرەوەی پشتیوانانی كازمیش لەسەر ئەوەیە تاران كە لە دانوستانی ئەتۆمی گیردەخوات، ناچاربێت بە سەپاندنەوەی كازمی بەسەر باڵەكانیدا لە عێراق، چونكە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو پێویستی پێیەتی، بەڵام تائێستا بەرەی كازمی بەرچاویان ڕوون نییە كە چۆن مالیكی رازی بكەن.

 

حەیدەر عەبادی:

بژاردەی هاوئاست یان پاش كازمی، حەیدەر عەبادییە. ناوبراو پرۆژەیەكی ئامادەی تاقیكراوەی بەردەستی شیعەكانە، سەرۆكوەزیرانی سەردەمی شەڕی داعش و گێڕانەوەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانە بۆ ئامێزی ناوەندگەرایی بەغدا، ئێستا لەبەرەی “هاوئاهەنگی شیعەیە”، لە هەمانكاتیشدا لەگەڵ سەدر پێشینەی كاری هاوبەشی هەیە و پەیوەندییەكانیان ئاساییە، بەڵام كێشەی سەرەكی عەبادی ڤیتۆی مالیكی و كێشە كۆنەكانییەتی لەگەڵ حەشد، بەئەگەری زۆریش زۆرینەی كوردی بەتایبەت پارتی، لەسەری رازی نابن، گەرەنتی ئەوەش نییە سوننەكان پشتیوانی بكەن بەتایبەت كە هەندێكیان (عەزم) لەگەڵ مالیكی پەیوەندی و هاوپەیمانێتییان هەیە.

 

مالیكی و كەسە نزیكەكانی:

مالیكی كە براوەی دووەمی شیعەیە (33 كورسی) لێی ڕوونە گەڕانەوەی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران لە مەحاڵەوە نزیكترە، بەڵام بە پێداگریكردن لەسەر كاندیدبوون دەیەوێت رۆڵی لە دیاریكردنی بەربژێری پۆستەكە هەبێت بەجۆرێك ئەگەر لە گروپ و دەستوپێوەندەكانی خۆی نەبێت وەك محەمەد شیاع سودانی یان كەسێكی تر، ئەوا كەسێك نەبێت كێشەی بۆ دروست بكات یان دۆسییەكانی هەردوو ویلایەتەكەی (2005_ 2014) هەڵبداتەوە كە جگە لە خەرجكردنی دەوروبەری یەك ترلیۆن دۆلار بودجە، زەقترینیان كەوتنی 1/3 ی خاكی عێراقە بەدەستی داعش.

 

هەندێك كەسایەتی تری شیعە:

بەمدوایانەش محەمەد تۆفیق عەلاوی لەهەوڵدایە، چانسی خۆی زیندوو بكاتەوە، پاش ئەوەی راسپاردنەكەی بە شكستهێنان لە دروستكردنی حكومەت كۆتاییهات(2020)، هەندێك كەسایەتی دیكەی هاوئاستی ئەویش وەك عەدنان زورفی پارێزگاری پێشووتری نەجەف و ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە هەر خەون و چاوەڕوانی و جموجوڵیان هەیە، بەڵام ئەمانە پاڵپشتی و چانسی زۆریان لە ناو لیستە شیعەكان نییە تا ببنە ركابەری گەورە.

 

فایەق زێدانی سەرۆكی دەزگای قەزایی

لەدەرەوەی كەسایەتییە حكومییەكانیش، ناوی فایەق زێدانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری زۆرجار ئاماژەی بۆ دەكرێت، بەڵام زانیارییە دزەپێكراوەكان باس لەوە دەكەن، ناوبراو پۆزشی هێناوەتەوە لە ركابەریكردن و خۆ پاڵاوتن، چونكە نایەوێت پۆستەكەی لەدەست بدات كە سەنتەری چارەسەركردنی كێشەكانی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانانیشە، بەمدواییانەش لە رێگەی دادوەرانی كۆمیسیار و دەستەی تەمیزەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كۆنترۆڵ كرد كە جومگەیەكی هەستیار و گرنگە.

 

لەكۆتاییدا شرۆڤەكە ئەوە دەخاتەڕوو تەنانەت ئەگەر شیعەكان لەناو خۆیان لەسەر بەربژێرێك یەكلایی بوونەوە و كورد و سوننەشیان رازی كرد، هێشتا ئەمە یەكسان نییە بەوەی بەبێ كێشە تێپەڕ بێت، چونكە  لەم دووساڵەی دواییدا، رای شەقام و خۆپیشاندەرانیش بوەتە پێوەر لە دیاریكردنی سەرۆكوەزیران و 2018 لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن نیشانەی (X) یان لەسەر فلێكسی كارەكتەرە سیاسییە پێشنیاركراوەكان دادەنا. ئێستاش لەوانەیە لەهەر دەرفەت و هەلومەرجێكدا خۆپیشاندەران سەرهەڵبدەنەوە و سیناریۆی سەردەمی عەبدولمەهدی دووبارە بكەنەوە.