کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- دوای زیاتر لە نۆ مانگ ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان، متمانە بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەدات، بڕیاریشە سەرۆکی کابینەکە هێڵە سەرەکییەکانی بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی حکومەتەکەی بخاتەڕوو. . کابینەی نۆیەم لە 21 وەزیر پێکدێت و مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران دەبێت، ئەمڕۆ جگە لە وەزیری سامانە سروشتییەکان تەواوى کابینەکە لە بەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخۆن. . وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەم کابینەیەش پشکی پارتییە، بەڵام بەهۆی هەستیاری ئەو پۆستەوە هێشتا هیچ کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیارینەکراوە و دیاریش نییە چارەنوسی ئەو وەزارەتە چی لێدێت. . ڤالا فەرید، سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەکات و لە سبەینێشەوە خۆی وەکو وەزیری هەرێمی کوردستان دەچێتە حکومەت و رێواز فایەق، لە پشکی یەکێتی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان. . بڕیارە دانیشتنەکەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستان، کاتژمێر 11ى پێشنیوەڕۆ دەستپێبکات، کارنامەى دانیشتنەکەش بریتییە لە (متمانە دان بە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران، خوێندنەوەى ناوى وەزیرەکان لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، سوێندخواردنى سىەرۆکوەزیران و جێگرەکەى لەگەڵ وەزیرەکانى کابینەى نۆیەم و خوێندنەوەى هێڵە گشتییەکانى کابینەکەى لەلایەن مەسرور بارزانییەوە). . .