گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەدوای هەرێمی کوردستان.. کازمی گەیشتە پارێزگای بەسرە

2021.12.08 - 14:55
App store icon Play store icon Play store icon
لەدوای هەرێمی کوردستان.. کازمی گەیشتە پارێزگای بەسرە

ناس کورد-

دوای سەردانی هەرێمی کوردستان و ئەو گوندەی مەخمور کە کەوتەبەر هێرشی داعش، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە پارێزگای بەسرە کە دوینێ تەقینەوەیەکی تێدا ڕوویدا و بووەهۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی چواری تر.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی کانونی یەکەمی 2021، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کۆبووەوە، دواتر کازمی و شاندی یاوەری بەرەو مەخموور بەڕێکەوتن و ڕایگەیاند، هەرچەند پاشماوە شکستخواردووەکانی داعش هەوڵبدەن، دەرفەت نییە بۆ گەڕانەوەی داعش، خەیاڵ نەکەن، ئێمە لە بۆسەداین بۆتان و یەک بە یەکتان راودەنێین، یەک بە یەکی سەرکردەکانتان راودەکەین.



نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی فراوانی کازمی لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە لە بارەگای میحوەری شەش لە شارۆچکەی مەخموور بڵاوکردەوە.



کازمی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ هاتووین بۆ مەخموور بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی شارۆچکەکە و وردبوونەوە لە پلانە ئەمنییە دانراوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر، لەگەڵ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوە ئەمنییەکان، کە پاشماوەکانی چەتەکانی داعشی تیرۆریست ئەنجامیان دان".



کازمی وتیشی، "لێرەوە لە گۆڕەپانی شەڕ بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەڵێم؛ خەیاڵ نەکەن، ئێمە لە بۆسەداین بۆ ئێوە و یەک بە یەکتان راودەنێین، یەک بە یەکی سەرکردەکانیشتان راودەکەین و بە سزای دادپەروەرانەشیان دەگەیێنین، هەروەها گرووپە پەرتوبڵاوەکانتان کە لە ژێر زەوین لە لایەن پاڵەوانانی هێزی ئاسمانی و زەمینیمان چاودێری دەکرێن، هەموو هێزەکانمان بە هێز و بوێرییەوە لە پێشتان دەوەستن، ئەم عێراقە مەزنە بە گەل و دەزگاکان و پاڵەوانانی لە هەموو هێزە ئەمنییەکاندا، هەرچەند پاشماوە شکستخواردووەکانی هەوڵبدەن، دەرفەت نییە بۆ گەڕانەوەی داعش".

 

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەشی کرد، "هێزە ئەمنییەکانمان یەکڕیز و یەک هەڵوێستن، بەهێزن و پێکەوە کار دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، شتێک نییە بە ناوی ژینگەی ئارام یان ئامێزگەی تیرۆر، کۆمەڵگەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە تیرۆری رەتکردەوە، لە دژی ئەندامان و بەکرێگراوە سووکەکانی جەنگا، گەلی عێراق یەکە لە بەرامبەر هەموو تەحەداکان، هێزە ئەمنییەکانمان دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی دەتوانن بەرەنگاری هەموو هەڕەشەیەکی سەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق ببنەوە".


بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی، دوا پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی عێراقیان تاوتوێ کرد.



هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنیان لە ناوچەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستپێکرد، کە ناوچەی گرنگن لە رووی ئەمنییەوە.