گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

چوارچێوەى هاوئاهەنگی شیعە بەرەو كورد و سوننە دەجوڵێت

2021.12.07 - 23:09
App store icon Play store icon Play store icon
چوارچێوەى هاوئاهەنگی شیعە بەرەو كورد و سوننە دەجوڵێت

ناس كورد-

بڕیاری شاندێكی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە" سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و لە گەڵ سوننەكانیش كۆببنەوە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ چەقبەستنی سیاسی ئێستای عێراق.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیا فەرمییەكانی لایەنە شیعەكانی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردن، بڵاویانكردووەتەوە و "ناس كورد" بینیویەتی (7ی كانونی یەكەمی 2021) بڕیارە لایەنە شیعەكان شاند ڕەوانەی لای سەدر و كوردو سوننە بكەن بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ چەقبەستنی سیاسی ئێستا.

 

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەكردووە لە كوردستان لەگەڵ پارتی و یەكێتی و لەناو سوننەكانیش لەگەڵ تەقەدومی حەلبوسی و عەزمی خەمیس خەنجەر كۆدەبنەوە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە لە ماوەی 10 ساڵدا هیچ كات ئەوەندەی ئێستا دادگای فیدراڵی لەژێر گوشاردا نەبووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

 

راپۆرتێكی رۆژنامەكە كە "ناس كورد" بینیویەتی (7ی كانونی یەكەمی 2021) ئەوەدەخاتەڕوو لایەنە شیعە ناڕازییەكان هەر بە مانگرتنی بەردەم ناوچەی سەوز نەوەستاون دژی ئەنجاخمەكانی هەڵبژاردن بەڵكو سەركردەكانیان چوونەتە بەردەم دادگای فیدراڵی بۆ سكاڵاكردن وداوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. 

 

بەگوێرەی راپۆرتەكە ئەگەر دادگا لەبەرژەوەندی براوەكان بڕیار بدات و ئەنجامەكان پەسەند بكات، ئەوە دەكەوێتە بەر ڕق و توڕەیی ئەو لایەنانەی كە هەندێكیان باڵی چەكداریان هەیە، ئەگەریش ئەنجامەكان ڕەت بكاتەوە ترسی لە جەماوەری سەدر هەیە كە بەئاسانی دەستبەرداری (74 كورسی) یەكەی نابێت. 

 

لەپاش دیداری سەركردەكانی شیعە لە ماڵی عامری لە نەجەف كۆتایی هەفتەی ڕابردوو، هاوپەیمانی فەتح هێرشی زۆریان كردە سەر ئەنجامە ڕاگەیەنراوەكانی هەڵبژاردن، سەرەتای ئەم هەفتەیەش هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانییەكە و فالح فەیاز لەگەڵ پارێزەرانی لیستەكەیان چوونە بەردەم دادگای فیدراڵی بۆ داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.