ناس کورد-
بەرپرسى مەڵبەندى گەرمیانى یەکێتى رایگەیاند، هەر هێزێک رەوانەى سنورەکە بکرێت بۆ پاراستنى خەڵکى ناوچەکە و بەرگرییە لە سنورەکان، ئەوەش لەیەکەم هەڵوێستدا دەربارەى قسەکانى بافڵ تاڵەبانى لەبارەى رەوانەکردنى هێز بۆ سنورەکە بەمەبەستى "پاراستنى داهاتى" ناوچەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پۆڵا سیروان تاڵەبانى ئەندامى سەرکردایەتى و پرسى مەڵبەندى گەرمیانى یەکێتى (سێشەممە 7ی کانونی یەکەمی 2021) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە "ھەر ھێزێک بیتە گەرمیان بۆپاراستني ئارامى و ئاسایشى خەڵکى کوردستان و خەڵکى گەرمیانە بۆ بەرگریکردن لە سنورەکاني هەرێمى کوردستان و تۆکمەکردنى سەنگەرەکانى پێشمەرگە".
وتەکانى ئەو بەرپرسەى یەکێتى دواى چەند رۆژێک دێت لە قسەکانى بافڵ تاڵەبانى کە رایگەیاندبوو، کۆمپانیاکان خەریکە کێڵگە نەوتییەکانى گەرمیان جێدەهێڵن بەهۆى چەند "مافیا و چەکدارێکەوە" بۆیە بڕیاریداوە هێز بنێرێتە ئەو ناوچەیە.
ئەو وتانەى بافڵ تاڵەبانى (5 كانونى یەکەمى 2021) لەمیانەى کۆبوونەوەیدا هات لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانى زانکۆ و لە وەڵامى پرسیارێکى خوێندکارێکدا لەبارەى دیارنەمانى داهاتى گەرمیان، ئەوەش بەپێی ڤیدیۆیەکى کۆبوونەوەکە کە "ناس کورد" بینیویەتى و دزەیکردووە بۆ سۆشیال میدیا.
خوێندکارەکە لە بافڵ تاڵەبانى دەپرسێت "داهاتى کێڵگەى نەوتى حەسیرە و خاڵە سنورییەکان چى لێدێت، بۆچى لەخزمەتى خەڵکى سنورەکەدا نییە؟".
لەوەڵامدا بافڵ تاڵەبانى دەڵێت "تۆ بۆ ناڵێیت ئەم هەموو نەوتەى تر هەیە لە گەرمیان بۆ کۆمپانیاکان دەریناهێنن، چەند مافیا و چەکدارێک هەیە و ناوچەکەیان کۆنترۆڵکردووە خەریکە کۆمپانیاکان دەڕۆن و ئەو تۆزە داهاتەش کە هەیە نامێنێت".
دەشڵێت "لەلاى پارتى وا نییە، لەوێ کەس ناتوانێت شتى وا بکات. بەنیازم لەم یەک دوو هەفتەیە هێزێکى سەربازى بنێرمە ناوچەکە".