کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- پشتیوان جەلال
فرۆشتنەوەى زێڕى تازە بوک لە هەرێمى کوردستان بووەتە دیاردە، فرۆشتنەکەش فرەهۆکارە هەندێک بە هۆکارى دانەوەى قەرزى ژنهێنان و هەندێک بۆ کڕینى ئۆتۆمبێل و هەندێکى تریش بۆ سەرمایەى کارێکى نوێ دەست بۆ فرۆشتنى زێڕى هاوسەرە نوێکەى دەبات.
.
هەندێک لەو تازە بوکانەى کە زێڕەکانیان فرۆشراوە دەڵێن، بەخواستى خۆیان بووە و هەندێکى دیکەش پێچەوانەن و ڕەزامەند نەبوون بە فرۆشتنى زێڕەکانیان، پیاوانیش بوونى ئەو زێڕە لەماڵ بە دەرفەتێک دەزانن بۆ ئەو پلانەى کە بەپارە بۆیان جێبەجێدەکرێت.
.
"فرۆشتنى زێڕەکانم بە خواستى خۆم بوو بەڵام هەموو ژنێک حەز دەکات زێڕێکى زۆرى هەبێت"
یەکێک لەو ژنانەى کە دوای چوار مانگ لە هاوسەرگیرى زێڕەکانى فرۆشتووە، بۆ ناس کورد باسى لە فرۆشتنى زێڕەکانى کرد و وتى: "مێردەکەم ئاڵتونەکانی پێ فرۆشتم، بایی 58 وەرەقە بوو بە 56 وەرەقە فرۆشتم، لە ساڵی یەکەمی هاوسەرگیریماندا هەر دوای چوار مانگ پێی فرۆشتم".
.
سەبارەت بەوەى تا چەند بە خواستى خۆى ئەو زێڕانەى فرۆشتووە، ئەو ژنە کە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند: "نەخێر خواستی خۆم نەبوو، مێردەکەم قەرزی پێدایەوە، چونکە ئاڵتونەکانی بە قەرز بۆ هێنابوم، هیچ بەڵێنێکیشى نەدا کە بۆم بکڕێتەوە و چەند ساڵ دواى هاوسەرگیریش هەر بۆى نەکڕیومەتەوە".
.
ژنێکى دیکە بە ناوى ڤیان، چیرۆکى فرۆشتنى زێڕەکانى بەم جۆرە بۆ ناس کورد گێڕایەوە: "بە دوو بەش ئاڵتونەکانم فرۆشت، بۆ پێویستى ژیانمان بوو، نیوەی یەکەمیم فرۆشت بۆ ماڵکردن چونکە لەسەر ماڵی خەزورم بوین هیچ ماڵێکمان نەبوو، بەشەکەی دیکەشى ئەمساڵ کە ساڵى دووەمى هاوسەرگیریمە فرۆشتم بۆ کڕینى سەیارە، هەمووى بە خواستی خۆم بوو، بەڵام هەمو ژنێک حەز دەکات ئاڵتونی زیاتری بۆ بکردرێت نەک بیفرۆشێت، منیش ئەگەر زەرور نەبوایە حەزم بە فرۆشتنی نەدەکرد".
.
ڤیان ئاماژەى بەوەشکرد، هاوسەرەکەى بەڵێنى پێداوە بە زوترین کات زێڕەکانى بۆ بکڕێتەوە.
.
کوڕێکى 28 ساڵ کە ماوەى پێنج ساڵە هاوسەرگیرى کردووە، ئێستا خاوەنى فرۆشگایەکەو بازاڕێکى تاڕادەیەک وەک خۆى دەڵێت فراوان و باشى هەیە، دەستمایەى ئەو کارەى بە فرۆشتنى زێڕى هاوسەرەکەى بووە.
.
ئەو کوڕە بە ناوى ئەحمەدەوە بۆ ناس کورد وتى: "کە ژنم هێنا بێ کار بووم، چونکە کارێکم هەبوو وازم لێهێنابوو، ئیتر بڕیارمدا ئەو پرۆژەیەى ئێستا دانێم، پاش ئەوەى هەڵسەنگاندنم بۆ کرد، بۆم دەرکەوت پێویستم بە نزیکەى سێ هەزار دۆلار هەیە بۆ دەستکردنم بەو کارە، ویستم قەرز بکەم لە خزمەکانم، لەو کاتەدا هاوسەرەکەم کە تازە ساڵێک تێپەڕبووبو بەسەر هاوسەرگیریمان وتى ئەو ئاڵتونەکانیم بۆ دەفرۆشێت و پێویست بە قەرز ناکات".
.
ئەحمەد ئاماژەى بەوەشکرد، لە ئێستادا ئەو پرۆژەى بە سێ هەزارى دۆلاری هاوسەرەکەى دەستى پێکرد، بە خەمڵاندنى خۆى نزیکى دوو دەفتەر دۆلار سەرمایەى هەیە.
.
ئەو گەنجە ئامۆژگارى هاوسەرە نوێکانى کرد و وتى: "بوونى زێڕێک لەماڵەوە خۆشبەختى بۆ خێزانەکە ناهێنێت، بۆیە گەر فرۆشتنى بۆ پرۆژە یان پلانێک بێت، ئەوا ئەتوانێت ئەو خێزانە لە قەرزارى و بێ پارەیی ڕزگار بکات".
.
.
فرۆشتنى هەر مسقاڵێک زێڕ 50 هەزار زەرەر دەکات
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى ناس کورد دەرکەوتووە، هەر زێڕەنگەرێکى بازاڕى زێڕەنگەرانى سلێمانى، لە ڕۆژێکدا 3 بۆ 5 کەس سەردانى دەکات بۆ فرۆشتنەوەى زێڕ، لەو ژمارەیەش ڕۆژانە کەسێکى ئەو هاوسەرانەن کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە.
.
سیامەند مەهدى، لە زێڕەنگەرى سپێدە لە بازاڕى زێڕەنگەرانى سلێمانى، بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ڕۆژانە سێ بۆ پێنج کەس سەردانمان دەکەن، بە مەبەستى فرۆشتنى زێڕەکانیان.
.
لەبارەى هۆکارى فرۆشتنى ئەو زێڕانە، سیامەند مەهدى وتى، زۆربەى ئەوانەى کە دەچن بۆ فرۆشتنەوەى زێڕەکانیان خۆیان هۆکارەکەى ئاشکرا دەکەن، هەندێکییان بۆ دانەوەى قەرزە، هەندێکى دیکەش بۆ کڕینى ئۆتۆمبێل یان خانووە، بەشێکى دیکەشیان هەندێک گەنجن بۆ سەرمایەى ئیشکردن دەیفرۆشن.
.
گەر تەماشاى نرخى ئەمڕۆى زێڕ بکرێت، دەردەکەوێت لە فرۆشتنەوەى هەر مسقاڵێک زێڕ، ئەو کەسەى زێڕەکە دەفرۆشێت 50 هەزار زەرەر دەکات، نرخى مسقاڵێک زێڕى عەیار 21 بە حەقدەستەوە ئەمڕۆ بە 270 هەزار دینار دەفرۆشرێت، بەڵام لەکاتى کڕینەوەى ئەو زێڕە لە کڕیارەکە ئەوا بە 225 هەزار دینار لێی دەکڕدرێتەوە.
.
.
لەڕوى ئابورییەوە باشترین هەنگاو بۆ پرۆسەکە چییە؟
ئابوریناسێک ئاماژە بەوەدەکات، چوارچێوەى داهاتى گەنجانى هەرێم دیاریکراون، بۆیە بە ناچارى دەست بۆ فرۆشتنى ئەو زێڕە دەبەن و ئامۆژگاریشیان دەکات پلانیان هەبێت بۆ ئەو پارەیە.
.
بیلال سەعید، ئابوریناس لەبارەى ئەو پرۆسەیەوە بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "بههۆی ئهوهی سهرچاوهی داهات له كوردستان دیاریكراوه و بهشیكی زۆری ئهوانهی كه ئهوهندهی پارهیان ههیه ژن دههێنن، كاتیك بریاردهدهن پیكهوه بژین بیر دهكهنهوه كه پیویستیان به ژیانیكی باشتر ههیه و تهنیا ژنهێنان نییه، بۆیه به ناچاری دهست بۆ فرۆشتنی زێڕى هاوسەرەکانیان دەبەن، كه پیموایه لهژێر دوو كاریگهریی ئابوریدایە یان بهردهوامیدانە به ژیان و ژیانیكی باشتر، یانیش بۆ وهبهرهینان كه ئهم خاڵی دووهمه زۆر گرنگه و ئهكرێت به پلانهوه كاری له سهر بكریت بهتایبهت ئهگهر لهسهر تیگهیشتنی هەردوو لایهنەکە بێت".
.
لەبارەى ڕێگاى فرۆشتنەکەشى ئەو ئابوریناسە دەڵێت، باشترین ڕێگا بۆ پرۆسهی فرۆشتنهوهی زێڕ، ئهوهیه ههوڵبدرێت 50%ى زێڕەکە بفرۆشرێتەوە بۆ پیویستی، ئهوهی دیكهش بۆ پرۆسهیهكی وهبهرهینان یان پرۆژهیهكی بازرگانی یان ههر كارێك یان پرۆژهیهكی بزنسی بچوك بیت باشتره، بە گرنگیشی زانى بهردهوام له قازانجی پرۆژهکە بتواندرێت مانگانه زێڕ بكڕدرێتەوە، بۆ ئهوهی جیگای زێڕەکە پڕبكرێتهوه بهتایبهت كه لای ئافرهتان زۆر گرنگه.
.
بیلال سەعید داواى لە حکومەتیش کرد، پرۆژهی پالپشتی پرۆژه بچوكهكان دهستپیبكاتهوه، دەشڵێت، پێویستە لیژنەى فەتوا و یاسا ڕێگا چارەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەى لەبرى زێڕ بە بەهاى زێڕى بڕیار لەسەر دراو پارە هەژمار بکرێت، بۆ ئەوەى لە فرۆشتنەوەى زێڕەکە ئەو زیانە بە گەنجان نەگات.
.
.
لیژنەى فەتواى هەرێم چى دەڵێت لەبارەى فرۆشتنى ئەو زێڕەوە؟
ئەندامێکى لیژنەى باڵاى فەتواى هەرێم دەڵێت، فرۆشتنى زێڕى هاوسەر بە زۆر، لەڕوى ئاینى ئیسلامەوە ڕێگەپێدراو نییە.
.
ئەحمەد شافیعى، ئەندامى لیژنەى باڵاى فەتواى هەرێم تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "بە بێ ڕەزامەندى خێزانەکیان هیچ پیاوێک بۆى نییە زێڕى هاوسەرەکەى بفرۆشێت، چونکە ئەو زێڕەى بۆ ئەو ژنە کراوە وەک شیرى بەر دایک بۆى حەڵاڵە و بە تەنها خۆى بۆى هەیە مامەڵە بەو مارەییەوە بکات".
.
ئەو مامۆستا ئاینییە وتیشی، لە ئەگەرى ڕێککەوتنى ژن و مێردەکە ئەوا دەتوانن ئەو زێڕانە بفرۆشن، بەڵام ئەو پیاوە قەرزارى ژنەکەى دەبێت و پێویستە لەسەرى ئەو قەرزەى بداتەوە.
.
"پێوستە ئەو باوک و دایکانەى ژن بەشوو دەدەن بەگوێرەى شەرع ئاسانکارى بکەن بۆ ئەو پرۆسەیە و بارگرانى بۆ کوڕەکە دروستنەکەن، چونکە ئەوە هۆکارێکە بۆ ئەوەى کچەکانمان شوو نەکەن و کوڕەکانیش ژن نەهێنن، کە ژنیشیان هێنا دەکەونە ژێر قەرزەوە"، ئەحمەد شافیعى واى وت.
.
.