گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان ڕوونکردنەوە دەدرێت

2021.12.05 - 18:12
App store icon Play store icon Play store icon
لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان ڕوونکردنەوە دەدرێت

ناس کورد-

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، هۆکاری خاو دابەشکردنی نەوت ئەوەیە کە پڕۆسەی گەیشتنی نەوت لە بەغداوە سستە و دەشڵێت، سبەینێ بە فەرمی داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکەن چارەسەرێک بدۆزنەوە و پەلە بکەن لە دابەشکردنی نەوت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

گولیزار ڕەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە فراکسیۆنی پارتی (یەکشەممە 5ی کانونی یەکەمی 2021) بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، "سبەی دووشەممە لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەبارەی پڕۆسەی دابەشکردنی بەشەنەوتی ماڵان کۆ دەبێتەوە، چونکە پێشتر حکومەت بڕیاری دابوو ھەموو ماڵێک پێش وەرزی زستان سوودمەند دەبێت لە بەرمیلێک نەوت، ڕاستە پڕۆسەکە ماوەیەکە بەڕێوە دەچێت، ڕێژەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتییانی ناوچە جیاوازەکان نەوتیان وەرگرتووە، بەڵام لەنێو شار وەک پێویست نییە و نەگەیشتووتە شارە گەورەکان.''

 

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی هۆکاری خاو دابەشکردنی نەوتی بۆ بەغدا گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، "حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی لەگەل بەغدا ھەیە کە بە سێ قۆناغ نەوت بگاتە ھەرێمی کوردستان و دابەشی سەر ھاووڵاتییان بکرێت، بەڵام پڕۆسەی گەیشتنی نەوت لە بەغداوە سستە و پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکەدا بکات و پەلە بکرێت لە ڕۆژانی داھاتوو پڕۆسەی دابەشکردن خێراتر بکرێت.''

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کۆبوونەوەی سبەی لیژنەکەماندا پەیوەندی بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دەکەین و بە یادداشت داواکاریی پەرلەمان دەگەیەنین بە وەزارەت.''

 

ڕوونیشیکردووەتەوە، ''ئەو نەوتەی بە ھاووڵاتییان دەدرێت ھەر بەرمیلێک ٨٠ ھەزار لەسەر حکومەتی ھەرێم دەکەوێت، بەڵام بە نرخی پاڵپشتیکراو بە ٥٥ ھەزار دەیدەن بە ھاووڵاتییان، ئەمەیش ھەنگاوێکی باشە، ئەگەر پڕۆسەکە بەخێرایی بەڕێوە بچێت، چونکە ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕدا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٥٥ ھەزار دینار و ئەگەر حکومەت دابەشی بکات، کاریگەریی لەسەر بازاڕیش دەبێت.''