گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دوو بەرپرسی باڵای یەکێتی’’

زانیاری و وردەکاریی نوێ لەبارەی کەیسی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ئاشکرا کرا

2021.12.05 - 15:40
App store icon Play store icon Play store icon
زانیاری و وردەکاریی نوێ لەبارەی کەیسی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ئاشکرا کرا

ناس کورد- 

کەسوکاری رۆژنامەنوسی تیرۆرکراو، کاوە گەرمیانی زانیاریی نوێ لەبارەی تیرۆرکردنی ناوبراو دەخەنەڕوو و دەڵێن، بکوژەکەی پەیوەندیی پێوەکردوون و وتویەتی، دوو بەرپرسی باڵای یەکێتی لە پشتی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بوون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کاروان گەرمیانی، برای کاوە گەرمیانی لەمەراسیمی ساڵیادی تیرۆرکردنی براکەیدا (یەکشەممە 5ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بکوژی کاوە گەرمیانی لەزیندانەوە تەلەفۆنی بۆ کردین، کە ئەو ئیعتیراف لەسەر هەموو شتێک دەکات و ئاشکرای دەکات کە کێ لە پشت کوژرانی کاوە گەرمیانییەوە بووە."

 

وتیشی، "بە دیاریکراوی پێی وتین کە دوو سەرکردەی باڵای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەستیان لە کوشتنی کاوە گەرمیانیدا هەیە و فەرمانی ئەو کارەیان پێکردووە، ئەو شەوەشی کە کاوەی تیرۆر کردووە هەر خۆی نەبووە، بەڵکو شۆفێرێکیشی لەگەڵدا بووە، بەڵام ئێستا ئەو شوفێرە لەژیاندا نەماوە." 

 

براکەی کاوە گەرمیانی باسی لەوەشکرد، "ئیمە بەڵێنمان دا کە ئەگەر ئەو کارە بکات، ئێمەش چی بوێت بۆی دەکەین، بەڵام بەداخەوە ئێستا پەشیمان بووەتەوە." 

 

جەختیشیکردەوە، "بەهیچ شێوەیەک ئێمە واز لەو کەیسە ناهێنین و دڵنیابن ئەمساڵیش نەبێت ساڵێکی دیکە، هەرکات بێت ڕاستییەکانی پشت ئەو ڕووداوە ئاشکرا دەبێت." 

 

ڕۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی، شه‌وی 5ی كانونی یه‌كه‌می ساڵی 2013 له‌ به‌رده‌م ماڵی دایكی له‌ قه‌زای كه‌لار تیرۆر كرا، دواتریش كه‌سێك به‌ تاوانی تیرۆركردنه‌كه‌ی سزای زیندانیكردنی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.