ناس کورد-
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ڕایگەیاند، بە قۆناغ سەبەتەی خۆراک دابین دەکات بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان کە لەلایەن خێرخوازانەوە دابین دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی (شەممە 4ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "پاش کۆبوونەوەی ژمارە پێنجی ئاسایی ئەنجومەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و گوێگرتن لە داواکاری و داخوازی خوێندکاران کە یەکێک لە داواکانیان هاوکاری خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان بوو، ئەمڕۆ لەو چوارچێوەیەدا بڕێک لەو سەبەتە خۆراکانە بەسەر خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆدا دابەشکرا."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەسەر داوای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کۆمپانیای (ئێرلی فیوچەر) بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بەسوپاسەوە بەشداری بەرچاوی لە ئامادەکردنی ئەو سەبەتە خۆراکیانەدا کرد و وەکو سپۆنسەری ئەم بڕە لە سەبەتەی خۆراکی بەشداریکردووە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " بڕیاریش دراوە بەشێوەیەکی بەردەوام هاوکاری خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان بکرێت لەبوارە جیاوازەکاندا ئەم هەڵمەتە بەهاوکاری خاوەن کارو سەرمایەداران و مامۆستایانی زانکۆ و رۆشنبیران و کەسانی خێرخواز بەردەوام بێت بۆ بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆمان بەپێی توانا لە سەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکان."