گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بە ملیۆن دۆلار’’

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: قەڵا سەربازییەکانی باڵەکایەتی ببەن بۆ قەرەچوغ

2021.12.04 - 09:23
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکی یەکێتی: قەڵا سەربازییەکانی باڵەکایەتی ببەن بۆ قەرەچوغ

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەى هێرشی ئەمدواییەی داعش لە مەخمود ڕایگەیاند، قەڵا سەربازییەکانی باڵەکایەتی ببەن بۆ قەرەچوغ خەڵکەکە خۆی دەتانپارێزێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

لوقمان وەردی کە هاوکات سەرۆکى لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزارە لە پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "جێگەی پرسیارو سەرسورمانە، تەنھا لەماوەی ئەم ساڵدا چەندین قەڵای سەختی سەربازی لە شاخەکانی دەوروبەری قەزای چۆمان و ناحیەکانی دروستکراون بەملیۆن دۆلار پارەی تێدا سەرف کراوە، ھێزێکی پشتیوانی یەک بە چەکی قورس لە جۆری ھەمەر و باجەر و ناقیلەی سەربازی لە دەڤەری باڵەکایەتی جێگیر کراون، کاتێکدا ھەموو لایەک دەزانین دەڤەری باڵەکایەتی ناوچەیەکی گەشتیاریە و زۆریش ئارامە، ھاوسێیە لەگەڵ ووڵاتی ئێران و لانی کەم لەماوەی 15 بۆ 20 ساڵی ڕابردوو ھیچ مەترسی و جموجۆڵێکی سەربازی لەو ناوچەیە بوونی نەبووە."

 

دەشڵێت، "کەچی ئەمرۆ دەیان قەڵای زۆر سەختی سەربازی بنیاتنراون و ھێز و چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی پێشکەوتووی سەربازی جێگیرکراون، تەنانەت لەم ساڵدا لە بناری کۆدۆ و بەردەسپیان و خرەبەرد رێگری کراوە لە کارو کاسبی ھاوڵاتیان، ناوچەکە لە مەڕ دارو کۆچەریەکانیش قەدەغەکراوە، بێگومان ئەوەش نیگەرانی و پرسیار زۆری لای ھاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە دروستکردوە."

 

لوقمان وەردی باسی لەوەشکردووە، "کەچی دەبینین لە بناری قەرەچوغ لە بەرامبەری داعشی دڕندەو دوژمن، پێشمەرگە بێ سەنگەر و لانە و جێگەیە، لە چوارچێوەی دیواری مزگەوت و بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی ئەرک دەبینێ، بەداخەوە سەرەنجام ژمارەیەکیان شەھیدبوون، بەئاسانی بوون بە نێچیری دەستی دوژمن، کاتێک پرسیار لە لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت کە بۆ بایەخ بە سەنگەرسازی و دابینکردنی چەک و پێداویستی خۆپارێزی بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە نادرێت، باسی نەبوونی ئیمکانیەت دەکەن بەوە پاساو بۆ خوێنی بەناھەق رژاوی پێشمەرگەو ھاوڵاتیان دەھێننەوە، کەچی لەناوچەیەکی ئەمین و ئارامی وەک باڵەکایەتی چەندین قەڵای سەختی سەربازی دروستکراوە."


باسی لەوەشکردووە، "فەرموون قەڵا سەختە دروستکراوەکانی شاخەکانی دەڤەری باڵەکایەتی و ھێزو ئۆتۆمبێلە سەربازیە گوللە نەبڕەکان ببەن بۆ سەنگەری پێشمەرگەکانی قەرەچوغ خەمتان نەبێت خەڵکی ئەو دەڤەرە وەک رۆژگارە سەختەکانی سەرەتای شۆرش خۆنەویستانە پاسەوانیتان دەکەن و دەتانپارێزن و ممنونیشتان دەبن."

 

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، "بەداخەوە کاتژمێر 22:00ی شەوی ٢ی کانونی یەکەمی 2021، تیرۆریستانی داعش، پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەم پەلامارە دڕندانەیەدا، کوێرانە کەوتنە دەستڕێژی کردن لە خەڵکی سڤیلی گوندەکە، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون."

 

دەشڵێت، "هێزەکانی پێشمەرگە بەزوویی بەهانای خەڵکی گوندەکەوە چوون و توانیان لەماوەیەکی کەمدا، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و تیرۆریستان راو بنێن."

 

باسی لەوەشکردووە کە "دواتر هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەهید بوون."