ناس کورد-
وتەبێژی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی "بە قوڵی نیگەرانی هەڵکشانی بەردەوامی پەلامارەکانی داعشە لە سەرتاسەری عێراقدا و لە ناویشیاندا هێرشەکەی دوێنێ لە قەزای مەخمور کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 10 پێشمەرگە و سێ هاووڵاتی مەدەنی."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نێد پڕایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردووەتەوە (4ی کانونی یەکەمی 2021) دەڵێت، "پرسە و هاوسۆزی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی ئەوانە دەکەین کە گیانیان سپارد و برینداربوون لەم پەلامارانەدا."
"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختدەکاتەوە لە پابەندبوونی بە پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنیەکانی عێراق و لە ناویشیاندا هێزی پێشمەرگە لە بەردەوامییان لە شەڕی دژی داعش بۆ دڵنیاییدان لەوەی داعش بە شکستپێهێنراوی دەمێنێتەوە،" پەیامەکە وا دەڵێت.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، "بەداخەوە کاتژمێر 22:00ی شەوی ٢ی کانونی یەکەمی 2021، تیرۆریستانی داعش، پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەم پەلامارە دڕندانەیەدا، کوێرانە کەوتنە دەستڕێژی کردن لە خەڵکی سڤیلی گوندەکە، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون."
دەشڵێت، "هێزەکانی پێشمەرگە بەزوویی بەهانای خەڵکی گوندەکەوە چوون و توانیان لەماوەیەکی کەمدا، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و تیرۆریستان راو بنێن."
باسی لەوەشکردووە کە "دواتر هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەهید بوون."