گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دڵنیایە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دزەکان دەدۆزنەوە

وەزیری تەندروستی: مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار نافەوتێت

2019.03.12 - 18:08
وەزیری تەندروستی: مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار نافەوتێت

 

 

ناس کورد-

 

وەزیری تەندروستی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دڵنیادەکاتەوە کە مووچەکانیان نافەوتێت و "دڵخۆشدەبن بەمووچەی بێ پاشەکەوت."

رێکەوت حەمە ڕەشید وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایدەگەیەنیت دڵنیایە لەوەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی  بەزووترین کات "دزە چاو چنۆکەکان دەدۆزنەوە."

هەروەها وەزیری تەندروستی پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی شار دڵنیا دەکاتەوە کە مووچەکانیان نافەوتێت و "ئەوانیش وەک فەرمانبەرانی تر دڵخۆش دەبن بە مووچەی بێ پاشەکەوت."

ئەمڕۆ لە کاتی گواستنەوەی مووچەی نەخۆشخانەی شار کە بڕەکەی 1.6 ملیار دیناربوو، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە سەرجەم پارەکە دزرا.

عه‌مید ئاسۆ ته‌ها، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى سلێمانى به‌ ناس كورد-ى وت: “هێزه‌كانمان له ‌سه‌رجه‌م بازگه‌ و ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كانى ناو شارى سلێمانى بڵاوكردۆته‌وه،‌ بۆ ده‌ستگیركردن و ئاشكراكردنى ئه‌و بانده‌ى هه‌ستاون به‌ بردنى بڕه‌ پاره‌ى كارمه‌ندانى نه‌خۆشخانه‌ى شار”.

پاش دوو كاتژمێر له‌ بردنى بڕه‌ پاره‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكى نه‌ناسراو، ئۆتۆمبێله‌كه‌ى ته‌ندروستى له ‌گه‌ڕه‌كى مامه‌یاره‌ دۆزرایه‌وه‌، كه‌ به‌پێى زانیاریه‌كان، بڕى یه‌ك ملیار و شەش سه‌د ملیۆن دینار كه‌ بڕه‌ پاره‌ى كارمه‌ند و پزیشكان و نه‌سریه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شار بووه‌ “دزراوه‌”.

عه‌مید ئاسۆ ته‌ها بۆ ناس كورد ئه‌وه‌ى ئاشكراكرد: “پۆلیس ده‌ستى به‌لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه،‌ بۆ ئەوەی سه‌رجه‌م تۆمەتبارانى کەیسی بردنى بڕه ‌پاره‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شار ئاشكرا بكرێن و ڕوبه‌ڕوى یاسا بكرێن، دڵنیایش دەدەین کە  تۆمەتبارەکان دەستگیر دەکەین”.

لە ئێستادا هێزێکی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایش له‌سه‌نته‌ر و ده‌وروبه‌ر و ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كانی شاری سلێمانی بڵاوبوونەتەوە، پۆلیسی سلێمانیش “بۆ ڕێكارى ئه‌منى په‌یوه‌ست به‌ ڕووداوه‌كه‌” دەیگەڕێنێتەوە‌.