ناس کورد-
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی جارێکی دیکە هۆشداری دەدات لە نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی و دەڵیت، توشی گرفتێکی گەورە بوون و ئەم دۆخە وا دەکات نرخی دەرمان زۆر بەرزببێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی (پێنجشەممە 2ی کانونی یەکەمی 2021) بە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەهۆی ڕاگرتنی هێنانی دەرمان لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرمانەوە بەهۆی خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانیان توشی گرفتی گەورە بووین لە نەمانی دەرماندا بەتایبەت پێداویستییەکانی قەستەرە و بەنج و شێرپەنجە."
وتیشی، "ئەو کۆمپانیایانە بەهۆی ئەوەی پارەیان وەرنەگرتووە ئامادەنین دەرمان بهێنن و مافی خۆشیانە، ئێمە ئێستا لە پرۆسەی تەندەرینداین بۆ ساڵی داهاتوو، ئەم دۆخە وادەکات کەم کۆمپانیا بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن و نرخی دەرمان زۆر بەرزببێتەوە."
هاوکات لە بارەی ستیكەری دەرمانیشەوە وتی، "لە سلێمانی هیچ دەرمانخانەیەك بە نرخی سەر ستیكەر كار ناكات، بۆیە ئەو پارەیەی كە لە كۆمپانیاكان دەسەندرێت دەچێتەوە سەر نرخی دەرمان كە دەدرێت بە هاووڵاتیان.