گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

کۆمسیۆن لەبارەی لەدەستدانی دوو کورسییەکەی پارتی بۆ یەکێتی هاتەدەنگ

2021.12.02 - 18:43
App store icon Play store icon Play store icon
کۆمسیۆن لەبارەی لەدەستدانی دوو کورسییەکەی پارتی بۆ یەکێتی هاتەدەنگ

ناس کورد- 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق وەڵامی ڕاگەیەنراوێکی مەكتەبی سیاسی پارتیی دایەوە و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک وادەی تانەکان درێژ نەکراوەتەوە و ڕەتیشی دەکاتەوە، سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هیچ دەستێوەردانێكیان کردبێت لەكاری كۆمسیۆندا. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعیراق (پێنجشەممە 2ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، كۆمسیۆن بڕیارێكی نییە بەناونیشانی (درێژكردنەوەی ماوەی تانەكان) كۆمسیۆن و هیچ لایەنێكیش دەسەڵاتی درێژكردنەوەی ماوەکەی بەدەربێت لەو ماوەیەی كە یاسا دیاریكردووە." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "كۆمسیۆن رێگەی بەو كاندید و لایەنانە داوە كە ناڕازین لە ئەنجامەكان، بۆ ئەوەی تانە و بەڵگەکان پێشكەش بكەن لەماوەیەكی یاساییدا كە 3 رۆژە، ئەو ماوەیەش ئەنجومەنی كۆمسیاران دیاریكردووە، بۆیە هیچ درێژكرنەوەیەك نەبووە و ژمارەی تانەکان کە بڵاوکراونەتەوە و هەزار و 436 تانە بوون، لەوە زیاتر نەبوون." 

 

هاوکات کۆمسیۆنی ڕەتیشیکردووەتەوە، سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هیچ دەستێوەردانێكیان کردبێت لەكاری كۆمسیۆندا و دەڵێت، " ئەوان پشتیوان بوون تا سەربەخۆیی كارەكان بپارێزین و بە پیشەییانە و دور لە هەر فشارێك كارەكان بکەین." 

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پاش كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی كەمبوونەوەی كورسییەكانی حیزبەكەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، "پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە رێکەوتی ١٠ـی ١٠ـی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، بە پاکی و دیموکراسییانە بەڕێوەچوو تا ئەو کاتەی بەبڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دەستەی دادوەری ماوەی تانە لێدانەکان بە نایاسایی درێژکرایەوە، بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی ھەندێک لایەنی دیاریکراو."  

  

ئاماژەی بەوەشکردووە، "  دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی پارتیمان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و دەستەی دادوەری کۆبوونەوە، دەرکەوت تەواوی بەڵگەکانمان سەلمێنەری پێشێلکاری بوون، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم دەستێوەردان و گۆڕانکاری و پێشێلکارییانە رەتدەکەینەوە و داکۆکی لە مافی کاندید و دەنگدەران دەکەین و، بە پێویستیشی دەزانین مافی زەوتکراویان بۆ بگەڕێتەوە، لەو روانگەیەوە لەپێناو دادپەروەری و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان، بە ڕێکاری یاسایی بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەو مافانە و لابردنی پێشێلکارییەکان و، ھەنگاوەکانی داھاتووشمان لە کاتی خۆی دا رادەگەیەنین.