ناس کورد-
دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى چاوەڕوانى بڕیارى مەکتەبی سیاسی حزبەکەیەتى بۆ دەستپێکردنى رێکارە یاساییەکانى تایبەت بە بەدەستهێنانەوەى ئەو دوو کورسییەى لەهەولێر و نەینەوا لەبەرژەوەندى یەکێتى لەدەستیدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی (2ی كانونی یەكەمی 2021) بە تەلەفزیۆنى "رووداو" ى راگەیاند "ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتى بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە کۆدەبێتەوە، چاوەرێی بڕیارى ئەوانین بۆ گرتنەبەرى رێکاریی یاسایی و تۆمارکردنى سکاڵا لە دادگاى فیدراڵى".
وتیشى "ئەگەربێت و دادگا سەربەخۆ بێت دڵنیاین لەوەى دەتوانین کورسییەکان بەدەستبهێنینەوە".
بەپێی ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە راگەیەنرا، لەپارێزگاکانى هەولێر و نەینەوا پارتى دوو کورسی لەبەرژەوەندى یەکێتى لەدەستدا، لەسەر بنەماى ئەو سکاڵایانەى کاندیدەکانى یەکێتى تۆماریانکردبوو.
مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتى سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوو کورسی کە "ئیستحقاقی یاسایی" دوو کاندیدی ئەوان بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون.
لەبەرانبەردا ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەكێتیی وتى "دوو كورسییەكەی پارێزگای نەینەوا (بازنەی ٢)، و پارێزگای هەولێر (بازنەی ٣) ئیستحقاقی رەوای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانن، كە ھەر ئیستحقاقی كوردە لە چوارچێوەی كورسییەكانی كوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق".
وتیشى "گێرانەوەی كورسییەكانی یەكێتی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی كوردستان دوای رەچاوكردنی تانە یاساییەكان و سەلماندنی ھەوڵی ساختەكاری (تزویر) كارێكی باشە و ئێمە پێشوازی لێ دەكەین".