ناس کورد-
بەرپرسى نوسینگەى نورى مالیکى رایگەیاند، سبەینێ موقتەدا سەدر سەردانى چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان دەکات کە ئەنجامى هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هیشام روکابی لە تویتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، سبەینێ سەدر میوانى چوارچێوەى هەماهەنگى دەبێت، بەبێ ئەوەى هیچ زانیارییەکى دیکە بخاتەڕوو.
موقتەدا سەدر رۆژى سێ شەممە سوپاسى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى کرد دواى ئەوەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى راگەیاند، بەڵام چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان ئەنجامەکەیان رەتکردەوە.
چوارچێوەى هەماهەنگى سێ شەممە لەبەیاننامەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، کۆمسیۆنى تۆمەتبارکردووە بەوەى "پێشوەختە" ئەنجامى هەڵبژاردنى دیاریکردووە.
دەشڵێت، کۆمسۆن و دەستەى دادوەرى بەپێی چوارچێوەى یاسایی کارپێکراو مامەڵەیان لەگەڵ تانەکان نەکردووە.
چوارچێوەى هەماهەنگى جەختیکردووەتەوە لەسەر هەڵوێستەکانى لەبارەى "یاریکردن بە ئەنجامى هەڵبژاردن" و داواى هەڵوەشاندنەوەى هەڵبژاردن کە پێشکەشى دادگاى فیدراڵى کردووە.
چوار هاوپەیمانێتی سەرەكی شیعە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی تشرینی 2021 بەشداربوون، سەدر و مالیكی، حەكیم _ عەبادی و عامری و خەزعەلی، سەرۆكایەتی ئەم جەمسەرە جیاوازانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنیان دەكرد، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەكان (11ی تشرینی یەكەمی 2021) سەرجەم لایەنە شیعەكان چوونە لایەك بەناوی "چوارچێوەی هەماهەنگی" و سەدر كە براوەی یەكەم بوو بە 73 كورسی لەكۆی 329 لە لاكەی تر بەتەنها مایەوە.