گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سکاڵا لەسەر پەرلەمانتارێک تۆماردەکرێت

وەزارەتى تەندروستى لەسەر ’’گران بوونى’’ دەرمان هاتەدەنگ

2021.11.30 - 22:15
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتى تەندروستى لەسەر ’’گران بوونى’’ دەرمان هاتەدەنگ

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشكی سەر بە وەزارەتى تەندروستى هەرێم رایگەیاند، سکاڵا لەسەر پەرلەمانتارێک تۆماردەکات بەهۆى ئەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى کردوون سەبارەت بە ستیکەرى دەرمان، جەختیشدەکاتەوە دەرمان گران نابێت بەڵکو نرخەکەى دادەبەزێنرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى بەرێوەبەرایەتییەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، نەك گران بوونی دەرمان لە ئارادا نیە، بەڵكو پڕۆسەی دابەزاندن و ڕێكخستنەوەی نرخی دەرمان بە ئاراستەی كەمكردنەوەی نرخ و خەرجی لەسەر هاووڵاتیان دەكرێت.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

راگەیه‌ندراوی بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشكی KMCA.

هاووڵاتیانی خۆشەویست..

 

لە پێناو بەرچاوڕوونی و گەیشتنی ڕاستیەكان وەكو خۆی و دوور لە چەواشەكاری تایبه‌ت به‌م تۆمەتانەی دوێنی لەلایەن پەرلەمانتار (شێركۆ جه‌وده‌ت) ئاڕاستەمان كراوە، بە پێویستمان زانی راست و دروستی بابەتی ستیكەر بخەینەڕوو:

 

بابەتی ستیكەر هەر لە ساڵانی رابردووەوە لەلایەن كەرتی تایبەت، وەكو چاپكردن و دابەشكردن جێبەجێ كراوە، نەوەك لەلایەن حكومەت.

 

لە كاتێكدا لە پڕۆژەی نوێی چاكسازی دەرماندا، بڕیار دراوە بخرێتە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەت، لە رێگەی گۆڕانكاری لە سیستەمی ستیكەر لە شێوازێكی سادەی چاپكردن بۆ سیستەمی گرێدراو بە تەكنەلۆژیای نوێی سەردەمیانە، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەرمان لە رووی جۆر و نرخ و تەواوی جوڵە و دابەشكردنی دەرمان.

بە مەبەستی رێگەگرتن لە ساختەكاری و بە پەیڕەوكردنی سیستەمی دژە ساختە و چاودێركردنی سەلامەتی دەرمان لە لایەن لایەنە پەیوەندارەكان و خودی هاووڵاتی، هاوشێوەی سیستەمی دژەساختەی بەكارهێندراو لە چاپكردنی دراوەكان، كە ئەمەش یەكێكە لە هەنگاو و رێكارەكانی چاكسازیكردن لە پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنی دەرمان  هەروەك پێشووتر لە راپۆرت و راسپاردەی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (4/3/3239) لە 18/11/2019 لە بڕگەكانی 6 و 7ی راسپاردەكراو، هه‌روه‌ها  گەیاندنی بەڵێنەكانی چاكسازیمان لەم بوارەدا بووە.

 

زۆر بەداخەوە بۆ ئاستی بیركردنەوە و قسەكردنی ئەم بەڕێزە بە بەكارهێنانی ووشەی (فەزح و گەندەڵ و خۆپەرست و بەرژەوەندی تاكی خۆیان) بۆ هەموو ئەو كارمەند و بەڕێزانەی كەوا رۆژانە لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان كاری كۆنتڕۆڵكردن و چاودێریكردنی دەرمان دەیكەن، ناوهێنانیان بە لیست  و هێرشی ناڕەوا و تەشهیركردنی بێ هیچ بنەما و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەك، زڕاندنی كەسایەتیان دەكات، و دوور لە ئەتەكێتی پەرلەمانی و پەیڕەویی و یاسایی، تاوانباریان دەكات، كە دەكرا لەڕێگای پەرلەمان پرسیار و بەدواداچوون بكات نەوەك بكەوێتە هەڵەی چەندین بەرژوەندخواز، لە كاتێكدا ئەم پڕۆسەیە هەوڵی گەندەڵی ئەم جۆرە كەسانە رادەگرێت.

 

بەداخەوە بێ هیچ پاساوێك هەوڵی بێ ئومێدبوونی هاووڵاتیان و چەواشەكاری دەكات لە كاتێكدا هێشتا هیچ پڕۆسەیەكی نوێ نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردن باس لە گرانبوونی دەرمان دەكات بۆ راكێشانی عاتیفە و شێواندنی رای گشتی.

 

بۆ ئەم مەبەستە رای گشتی دڵنیا دەكەینەوە كەوا نەك گران بوونی دەرمان لە ئارادا نیە، بەڵكو پڕۆسەی دابەزاندن و ڕێكخستنەوەی نرخی دەرمان بە ئاراستەی كەمكردنەوەی نرخ و خەرجی لەسەر هاووڵاتیان دەكرێت، بەمەش دڵنیان لە هەر پڕۆسەیەكی خزمەت و چاكسازیدا كەسانێكی بەرژەوەندخواز زەرەرمەند و رێگر دەبن.

 

ئەم بەڕێزە چەند دۆكیومێنتێكی فەرمی وەكو بەڵگە پێشان دەدات، لە كاتێكدا ئەم دۆكیومێنتانە رێكار و رێڕەوی یاسایی و كارگێری پڕۆسەكەیە بە ئاشكرا و هیچ شاراوەی تێدا نیە، كە زۆر بە شەفافیانە لە رۆژنامەكان بە شێوەی راگەیاندنی ئاشكرا ئەنجامدراوە، تەنانەت لە بەردەم كۆمپانیاكانی پێشكەشكراو پڕۆسەی تەندەر كرانەوەی بۆ كراوە و هیچ ناڕوونیەكی تێدا نیە تا وەكو به‌ تاوان و خیانەت و خۆپەرستی و جەریمە و یاری باسی بكات، بە پێچەوانەوە رەچاوی تەواوی رێكاری یاسایی و لایەنی پسپۆڕی و هونەری و ستانداردی نێودەوڵەتی كراوە، هاوشێوەی كاری پێشینە لەسەر ئاساتی جیهان بە سود وەرگرتن لە تەكنەلۆژیای نوێی چاودێریكردن و كۆنتڕۆڵكردن دوور لە ساختە و بزربوون و بەربڵاوی هەرەمەكی كە لە پێشوودا جۆرێكی زۆر ئاسایی بە بەربڵاوی و نافەرمی بەدەست دەكەوت، لە رێگای نایاسایی و لە دەزگاكانی راگەیاندنیش پێشان دەدرا.

 

لێرەوە وێڕای ڕەتكردنەوەی تەواوی ئەم تۆمەتانە دەمانەوێت رایبگەینین كەوا چەندین لیژنەی پسپۆڕی، بە دواداچوونی ئەم پڕۆسەیەی كردووە و بەردەوام دەبێت لە لێكۆڵینەوە لە هەر تۆمەتێك، نەوەك ئەم بەڕێزە به‌ بێ ئاگایی و بێ ویژدانانە تەشهیر و تۆمەتی ناڕەوا بداتە پاڵ فەرمانبەران.

 

هه‌ر بۆیه‌ ڕێكاری یاسایی و سكاڵا دەخەینە بەردەم  دادگا، سە‌رۆكایەتی پەرلەمانی بەڕێز بۆ لێپرسینەوە لەو هەڵوێست و تۆمەت و تەشهیرانەی ئەم پەرلەمانتارە بە چەندین پزیشك و كارمەند و فەرمانبەری كردووە، چۆن دەكرێت پێگەی پیرۆزی پەرلەمانتاری بۆ ئەم شیوازەی ئیهانەكردنی بەكۆمەڵی ئەم بەڕێزانە بكرێت.

بۆ هاووڵاتیان و سەرجەم لایەنە پەیوەندارەكانیش ڕوون دەكەینەوە كەوا بە ئەمانەتەوە هیچ بەژەوەندیەك  لەم پڕۆسەیە نییه‌، جگە لە چاكسازی و سەلامەتی دەرمان نەبێت، دڵنیاتان دەكەینەوە كەوا نرخ دانان لەلایەن لێژنەی تایبه‌تمەندی حكومەتەوە دەكرێت، نەك گرانبوونی نرخی دەرمان نابێت، بەڵكو لە ئایندەیەكی نزیكدا داشكان و دابەزاندنی نرخی ده‌رمان ڕادەگەینین.

 

بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشكی  KMCA

وەزارەتی تەندروستی   

                

30 تشرینی دووەم 2021