ناس کورد-
گرژى نێوان فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى کوردستان و نوسینگەى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت هەڵکشا، بەهۆى مشتومڕەکانیان لەسەر داهاتى سلێمانى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فراکسیۆنى پارتى لەرونکردنەوەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاندووە "کەسێک بەناوی سەمیر هەورامی کە بەخۆی دەڵێت قسەکەری جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، نووسینێکی بڵاوکردووە و لەبری رەتکردنەوە بە داتاو بەڵگە، تەشیهیرو زمانێکی کوالێتی نزمی بەکارهێناوە، بۆیە فراکسیۆنی پارتی وێرای رەتکردنەوەی سەرلەبەری قسەکانی ئەم قسەکەرەی جێگری سەرۆكی حکومەت، بە مافی خۆی دەزانێت داوای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆماربکات".
دەشڵێت "هەمیشە داوامان لەهەڤاڵانمان کردووە بە بەڵگەو داتا زانیارییەکان بخەنە بەرچاوی خەڵکی کوردستان و ئاستی نزم و زمانی نزم ئەو کەلتوورە نییە کە ئێمەی پێ بناسرێتەوە، لەکاتێکدا سەرنج لەو کەس و بەناو پەرلەمانتارانە بدەیت بە ھەلچوونەوە وەڵامی قسەکانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتییان داوەتەوە،جگە لەوەی نەیان توانیوە بەڵگەو زانیاری و بەدواداچوونەکانی ئەو رەتبکەنەوە. لەهەمانکاتدا دیسان بەخوێندنەوەی وەڵامە لاوازەکانیان سەنگ و ئاستی خۆیان نیشانی هەموو لایەک دایەوە".
پێشتر سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا (30ی تشرینی دووەمی 2021) رایگەیاندبوو "ھێڤیدار ئەحمەدی پەرلەمانتار لێدوانێكی داوە و ناوی تیمی یەكێتی لەحكومەتی ھەرێمی كوردستان ھێناوە، بۆ ھەموو لایەكی رووندەكەینەوە؛ قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە دوورن لەڕاستییەوە و بێئاگایی و بێ توانایی خۆی سەلماندووە لەو لێدوانەیدا."
دەشڵێت، "داتا و ئامارەكانیش سەلمێنەری ئەوەن كە ئەو پەرلەمانتارە ھیچ زانیارییەكی درووستی نییە و كەس لێدوانەكانی بەجددی وەرناگرێت چونكە زوو زوو پەنا دەباتە بەر موزایەدە و دووبارە سەلماندی كە ئەو پەرلەمانتارێكی فاشلە."
پێشتر هێڤیداری ئەحمەد لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتبووی، قوباد تاڵەبانی بە تیمی پارتی گوتووە لە سلێمانی داهات کۆناکرێتەوە.