ناس کورد-
وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕەتیدەکاتەوە تائێستا هیچ توشبوویەکی کۆرۆنای گۆڕاوی "ئۆمیکرۆن" تۆمارکرابێت و دەشڵێت، هەموو ئامادارییەک دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، هاوکات باس لە کێشەی کەمی دەرمان لە سلێمانی دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم (سێشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2021) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تائێستا کۆرۆنای گۆڕاو "ئۆمیکرۆن" لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە و لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیی جیهانی چاودێری دۆخەکە دەکەین."
وتیشی، "هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەوە نوێیەکە و پێستریش ئێمە سێ شەپۆلی کۆرۆنا و نەوەی دیکەمان بینیوە و ئەزمونێکمان هەیە، بەڵام بۆ ئێستا تەنها چاودێریکردنی دۆخەکە پێویستە."
هاوکات لەبارەی کێشەی کەمی دەرمان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، "کێشەکە پەیوەندی بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دەرمانە و لەگەڵ وەزیری دارایی قسەمان کردووە و هیوادارین بتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن."