گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باران دەبارێت

وادەی شەپۆلێکی باران و بەفربارین لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنرا

2021.11.30 - 11:51
App store icon Play store icon Play store icon
وادەی شەپۆلێکی باران و بەفربارین لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنرا

ناس کورد- 

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، سبەینێ چوارشەممە شەپۆلێکی باران و بەفر بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، کەشناسی دەڵێت، ڕۆژی هەینی نزیک دەبێتەوە لە سفری سیلیزی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی هەرێم ڕایگەیاند، "سبەینێ چوارشەممە 1ی کانونی یەکەمی 2021، لە کاتەکانى بەیانى ئاسمانى ناوچەکەمان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، سەرەتا نمە باران لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت پاشان کاریگەرى ئەو شەپلە لە دواى نیوەڕۆ لە تەواوى ناوچەکەمان دەست پێ دەکات و لە ئێوارەدا خێرایى با زیاد دەکات کە هەندێ جار بۆ سەرووى 30 کم لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئاستى باران زیاتر دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانى شەودا، هەوروەها هەورە بروسکەی لەگەڵ دەبێت و لە شەودا کاریگەرى بارستە هەوایەکى سارد روو لە ناوچەکەمان دەکات و بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزە سنوورییەکان دەبارێت." 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رێژەى باران بارین و بەفر بارین لە سنوورى ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى هەولێر زیاتر دەبێت لە چاو ناوچەکانى تر و ئاستى نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى (6-8 ) پلە دەبێت." 

 

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، "کاریگەرى ئەم شەپۆڵە تا نیوەڕۆى رۆژى پێنجشەممە بە لاوازى دەمێنێتەوە و لە دواى نیوەڕۆى هەمان رۆژ کۆتایى دێت." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " بۆ رۆژى هەینى نزمترین پلەکانى گەرما لە کاتەکانى بەرەبەیان لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان لە سفر پلەى سیلیزى نزیک دەبێتەوە."