گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

لەبارەی شێواندنی تەرمی کۆچبەرە کوردەکانی نۆکەندی ئینگلیز ڕوونکردنەوە دەدرێت

2021.11.30 - 08:59
App store icon Play store icon Play store icon
لەبارەی شێواندنی تەرمی کۆچبەرە کوردەکانی نۆکەندی ئینگلیز ڕوونکردنەوە دەدرێت

ناس کورد-

 

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی نقومبوونی بەلەمەکەی نۆکەندی ئینگلیز بە ژمارەیەک کۆچبەری کوردەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، تائێستا نازانرێت ژمارەی قوربانییە کوردەکان چەندە و ڕەتیشیدەکاتەوە تەرمەکانیان شێوێندرابن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا ڕایگەیاند، "دەربارەی ڕووداوی بەلەمە نقومبووەکەی نێوان بەریتانیا - فەڕەنسا (بەندەری ئینگلیز) هاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە کە لەسەر ئەم پرسە لە هەماهەنگیداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەڕەنسا و لێکۆڵەری دادگەی پاریس و پۆلیسی فەڕەنسی و باڵیۆزخانەی عێراق لە فەڕەنسا." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەگوێرەی بەدواداچوونەکانمان  27 قوربانی لە ڕووداوەکەدا هەیە کە هێشتا دیار نییە لەو ژمارە چەندی هاووڵاتی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هەروەها تەرمەکانیش لە بەشی پزیشکی دادی پۆلیسی شاری لیلە."

 

هەروەها لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی شێوان یان شێواندنی تەرمی قوربانییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، " بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە دووپاتی کردەوە کە تەرمەکان بە هیچ شێوەیەک نەشێواون، هەروەها دوو گرووپی پسپۆڕ خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر تەرمەکان کە ئەوانیش یەکێکیان گرووپێکی پزیشکی پسپۆڕ و ئەوەی دیکەیان پزیشکی دادن، پۆلیسی فەڕەنسی ئاماژەی بەوە کرد کە لە دەرەوەی ئەم دوو گرووپە هیچ کەسێک تا ئێستا نەیتوانیووە تەرمی قوربانییەکان ببینێت و تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبن ئەو مافە بە کەس نادرێت."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەروەها پۆلیسی فەڕەنسا ئاماژە بەوەش دەکات کە هەر کاتێک توانرا ناسنامەی تەرمەکان ئاشکرا بکرێت لە ڕێگەی پشکنینی (دی ئێن ئەی) یان پەنجەمۆر و پشکنینی ددانەوە، ئەوکاتە لە ڕێگەی دادوەرەوە بەڵگەنامەی مردن بۆ قوربانییانی ڕووداوەکە دروست دەکرێن."

 

لە ڕاگەیانراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، " باڵیۆزخانەی عێراق و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەو دۆسیەیەدا دوو تاکە لایەنی فەرمین کە پۆلیس و وەزارەتی دادی فەڕەنسا هەماهەنگییان لەگەڵ دەکەن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی قوربانییان و دواتریش گەڕانەوەی تەرمەکان، ئەوەش لە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان کە چاوەڕێ دەکرێت لێکۆڵینەوەکان چەند هەفتەیەک بخایەنن."

 

رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 24ی تشرینی دووەمی 2021، بەلەمێکی چووپ بە 33 کۆچبەرەوە کە لە فەڕەنساوە بەرەو بەڕیتانیا بەڕێکەوتووبوون، بەلەمەکەیان نوقمبوو و 27 کۆچبەریان خنکان و دەوترێت، زۆرینەیان کوردن.